وەزیرى خوێندنى باڵا: پەیوەندییەکانمان بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى لەگەڵ وڵاتى چین فراوان دەکەین
هەولێر، هەرێمى کوردستان ، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (2021/8/25)، د. ئارام محمد قادر، وهزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حكومهتی ههرێمی كوردستان، لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە نیی رۆتشی، كونسوڵی گشتیی كۆماری میللی چین و وەفدى یاوەرى.وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند پهیوهندی نێوان گهلی كوردو گهلی چین مێژووێكی درێژی ههیه و ههردوولا خاوهن كلتوور و فەرهەنگى هاوبهشن و بۆ ئاڵوگۆڕى زیاترى زانستى پەیوەندییەکانمان بە تایبەت پڕۆگرامەکانى تایبەت بە مامۆستاو فەرمانبەران فراوانتر دهكهین .
لەسەرەتاى دیدارەکەدا کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبوون، کونسوڵى گشتى کۆمارى میللى چین لە وتەیەکدا باسى لە پەیوەندییە کلتوورى و مێژووییەکانى هەردوو گەل کرد و بۆ ئەمەش ئاماژەى بە پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییە زانستییەکان کرد بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕى کلتوورى و سوود وەرگرتن لە ئەزموونى زانستى وڵاتى چین، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: ئامادەییمان نیشانداوە بۆ کردنەوەى کۆرسێکى دوو هەفتەیى بە مەبەستى ڕاهێنان و ئاشناکردنى فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ چۆنییەتى بەڕێوەبردنى دامودەزگا زانستییەکانى هەرێمى کوردستان.
لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى کونسوڵگەرى وڵاتى چین سوپاسى کۆمارى میللى چینى کرد بۆ ئەو هاوکاری و هاوئاهەنگیەى لەگەڵ وەزارەت لە بوارى زانستى و ئاڵوگۆڕى کلتوورى و فەرهەنگى هەیەتى، بۆ ئەمەش هاوکارییەکانى بۆ کردنەوەى بەشى زمانى چینى و ئاشنابوونى خوێندکارانى زانکۆکان بە دامەزراوەکانى ئەو وڵاتە و چەندین هەماهەنگى تر لە نێوان هەردوولا بە گرنگ وەسفکرد، لەو چوارچێوەیەشدا دووپاتیکردەوە پڕۆسەى خوێندن و ئاستى زانست لە وڵاتى چین جێگەى بایەخە و دەیانهوێت لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانیان فراوانتر بکەن، بەتایبەت بۆ بەشداری پێکردنى مامۆستاو فەرمانبەرانیش لە پڕۆگرامە جیاوازەکانى ئەو وڵاتە.