Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا: خوازیارین زانکۆی هەڵەبجە ببێتە ناسنامە و شووناسی ئەکادیمی کوردستان

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لە هۆڵی یاریگای نێودەوڵەتی زانکۆی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە د. خەتاب ئەحمەد شێخانی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د. مەهاباد کامل عبداللە سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و مامۆستایان و خوێندکارانی گشت کۆلێژ و بەشەکانی بەیانیان و ئێوارانی زانکۆی هەڵەبجە، بە دروشمی (بەرەو ئاسۆ هەنگاو دەنێین ) بە چاودێریی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دووەمین ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی هەڵەبجە بۆ ساڵی خوێندنی 2020 – 2021 بەڕێوەچوو .
 
لە لایەن د. مەهاباد کامل سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە وتارى زانکۆ خوێنرایەوە و تیایدا ئاماژە بە کار و پڕۆژەکانى زانکۆ و هەنگاوە کردارییەکانى داهاتووى زانکۆ خرانەڕوو، جیا لەمەش ئاماژەى بە کارنامەى زانکۆ کرد بۆ پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى لە ناوچەکەدا.
 
لە وتەیەکدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بە نوێنەرایەتی وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد و سوپاس و دەستخۆشی لە مامۆستایان و فەرمانبەران کرد کە ڕۆڵی گرنگییان هەبووە و سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و کۆسپەی هاتۆتە سەر ڕێگەیان بەڵام کۆڵیان نەداوە و درێخییان نەکردووە  لە خزمەتکردن و پێگەیاندنی  خوێندکاران.
 
وتیشى: بەوپێیەی کە زانکۆی هەڵەبجە یەکێکە لە دیاری و خزمەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شاری هەڵەبجە، بۆیە بە بەراورد بە زانکۆکانی تری هەرێم زانکۆی هەڵەبجە ئەرکی سەرشانی قورستر و گەورەترە، ئەم زانکۆیە بە تەنها ئەرکی ئەکادیمی لەسەرشان نییە، بەڵکو ئەبێت ڕۆڵی کارای هەبێت لە ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوە و پێشخستنی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ئەمەش زانکۆی هەڵەبجە ئەبێت ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت و ڕۆڵی بەرچاو ببینێت لە فێرکردن و ڕاهێنانی گەنجانی هەڵەبجە.
 
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى ڕایگەیاند: وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەوڵمانداوە پڕۆسەی خوێندن و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن زیاتر بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابووری کوردستان ببەستینەوە، لە ئێستادا کار دەکەین بۆ داڕشتنی ستراتیجی فراوانکردنی خوێندنی پیشەیی و ڕووپێوی بەردەوامی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و دروستکردنی پەیوەندی توندوتۆڵ لە نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی ڕاهێنان و گەشەپێدان بۆ خوێندکاران و دەرچووان بڕەخسێنین.
 
هەروەها ئاماژەى بەوەشدا لە ماوەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزارەت هەنگاوی جددی ناوە بۆ پشتیوانی و هاوکاری قوتابیان و خوێندکاران، لە پڕۆسەی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەیی لە سێ ساڵی ڕابردوو و کەمکردنەوەى کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران و زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، کە ئەم هەنگاوانە بۆ پشتیوانیکردنی قوتابیان و خوێندکاران و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر کەسوکار و خانەوادەکانیان بووە. 
 
لە کۆتاییدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد لە ئێستاشدا وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەستی کردووە بە کارکردن لەسەر چەندین پڕۆژەی گرنگ، نموونەی ئەم پڕۆژانەش داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها دامەزراندن و دروستکردنی سیستمێکی پێشکەوتوو بۆ بەدواداچوون و پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی دەرچووان، کە ئەم پڕۆژەیە لەلایەن زانکۆکان و لە ڕێگەی سێنتەرەکانی گەشەپێدانی کار لە زانکۆکان جێبەجێ دەکرێت. لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا دەرفەتی ڕاهێنان و فێربوونی بەردەوام و ڕێنوێنیکردنی دەستکەوتنی کار پێشکەش بە دەرچووان دەکرێت و لە دوای قۆناغی دەرچوونیش پەیوەندی زانکۆ لەگەڵ دەرچووان بەردەوام دەبێت.
 
لە کۆتایی ئاهەنگەکەشدا بڕوانامەی به‌کالۆریۆس بەخشرایە سەرجەم خوێندکارانی کۆلێج و بەشەکانی بەیانیان و ئێواران لە زانکۆی هەڵەبجە ، هەروەها خەڵات بەسەر خوێندکارانی دەرچووی ( یەکەم ، دووەم ، سێیەم ) لەلایەن نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەران و ڕاگری کۆلێجەکانەوە پێشکەش کرا .