Skip to the content

وەزيرى خوێندنى باڵا : بۆ ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى سوود لە ئەزموونى زانکۆکانى ئەڵمانیا وەردەگرین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار، کار بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان دەکەین.
 
ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر، رۆژی دوشەممە ڕێککەوتى (2021/12/13) لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە سڤێن مۆسلەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان بە وەکالەت.
 
لەسەرەتاى دیدارەکەدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، کونسوڵى گشتى ئەڵمانیا بە وەکالەت وێڕاى ستایشى هەماهەنگى و دڵسۆزى گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەى پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا، هەروەها پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و هاوکارى خۆی بۆ سیستمى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانى کوردستان دووپاتکردەوە و کورتەیەکیشى لەبارەى گۆڕانکارییەکانى سیستمى خوێندن و فێربوون لە وڵاتى ئەڵمانیا خستەڕوو.
 
لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ پێویستی هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی حكومه‌ت و گه‌لی ئەڵمانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند: پەیوەندیمان لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتى ئەڵمانیا بەهێزە و تا ئێستا ٣٦ یاداشتنامەى لێکگەیشتن لەنێوان وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان لەگەڵ زانکۆکانى ئەڵمانیا ئیمزاکراوە، بە ئامانجى ئاڵوگۆڕى زانستى و خوێندکاران و مامۆستایان. بۆیە بە گەشبینییەوە لەم پەیوەندیانە دەڕوانین و زانکۆکان و سیستمى خوێندنى ئەو وڵاتە بۆ ئێمە جێگەى بایەخ و پشت پێ بەستنە لە پرۆسەى خوێندندا.
 
لەبارەى ڕیفۆرم لە پرۆسەى خوێندن، د. ئارام محمد قادر، دووپاتیکردەوە: لە ڕێگەى ڕیفۆرمى لە پرۆسەى خوێندن کار بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان دەکەین، بەئاراستەی فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و سێکتەرەکانی کۆمەڵگە و بزنس و پیشەسازییەوە، بۆ ئەمەش سوود لە ئەزموون و سیستمى وڵاتى ئەڵمانیا وەردەگرین.
 
لەکۆتایى دیدارەکەدا کونسوڵى گشتى ئەڵمانیا بەوەکالەت، پاڵپشتى و پشتیوانى بۆ پلانى کارکردنى وەزارەت و ڕیفۆرم لە پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە و بەڵێنى دا هاوکارى وەزارەت بێت بۆ ئەم پرۆسە گرنگە.