وەزیرى خوێندنى باڵا دەستپێکردنى چەند پڕۆژەیەکى گرنگى زانستى راگەیاند
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەمە ڕێکەوتى (2021/12/7) بەئامادەبونى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پارێزگارى دهۆک و بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەرۆک زانکۆکانى دهۆک و پۆلیتەکنیکى دهۆک و زاخۆ و سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و ڕاوێژکارانى وەزارەت و ژمارەیەکى بەرچاو لە لێپرسراوان و مامۆستایان و کەسوکارى خوێندکاران و قوتابیان، ڕێوڕەسمى ئاهەنگى دەرچوانى خولى (٨و٩)ى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک بەدروشمى (زانست شەنگستێ وەلاتییە) بەڕێوەچوو، کە تیایدا (٨٣٥٣) دەرچو لە (٥١) بەشی زانستی جیاجیا بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دبلۆمی تەکنیکییان وەرگرت و دەبنە بەشێکی گرنگ لە سەرمایەی مرۆیی هەرێمەکەمان.
لەوتەیەکیدا بۆ دەرچوانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى پیرۆزبایى لە دەرچوان و کەسوکاریان ڕایگەیاند: زانکۆکەتان لە ئامێزی شاری دهۆکی ڕەنگین یەکێکە لەو دامەزراوانەی کە ڕۆلی بەرچاو دەبینێت لە فێرکردن و ڕاهێنانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و دەستپیشخەری گرنگی کردووە لە کردنەوەی بەشی نوێی پەرەپێدانی پرۆگرامەکان و پەیڕەوکردنی بۆڵۆنیا پرۆسێس و ڕێکخستنەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و فێربوون و ڕاهێنان و ئەنجامدانی توێژینەوەی زا نستی، هەروەک وتیشى: شانازی دەکەین زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک لەلایەن خانمێکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، باوەڕمان وایە کە دەبێت دەرفەتی یەکسان بۆ خانمانی کایەی ئەکادیمی بڕەخسێنین کە بتوانن لە بواری ئەکادیمی گەشە بکەن و ڕۆڵی خۆیان لە سەرکردایەتیکردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببینن.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد وەزارەت لە ماوەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەنگاوی جددی ناوە بۆ پشتیوانی و هاوکاری قوتابیان و خوێندکاران، لە پرۆسەی وەرگرتنی دەرچوانی ئامادەیی، لە سێ ساڵی ڕابردوودا هەمو ئەو دەرچوانەی کە لە ڕێگای زانکۆلاینەوە داوایان پێشکەش کردبوو لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان جێگا بکەینەوە، لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا زانکۆکانمان لە سەروو توانای ڕاستەقینەی خۆیان پلانی وەرگرتنیان فراوان کردووە، هەروەها بڕیارمان دا کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بە ڕێژەی ٤٥% کەم بکەینەوە و کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش بە ڕێژەی ١٠-٢٥% کەم بکەینەوە، ئەم هەنگاوەش بۆ پشتیوانی کردنی قوتابیان و خوێندکاران و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر کەسوکار و خانەوادەکانیان بووە.
لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا مژدەی دەستپێکردنی چەند پرۆژەیەکی گرنگى وەزارەتى بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاند، لە گرنگترینیان:
· داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و سێکتەرەکانی کۆمەڵگە و بزنس و پیشەسازییەوە.
· دروستکردنی سیستمێکی پێشکەوتوو بۆ بەدواداچون و پشتیوانی کردن و هاوکاریکردنی دەرچوان، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن زانکۆکان و لە ڕێگەی سێنتەرەکانی بەکارخستن جێبەجێ دەکرێت. لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا دەرفەتی ڕاهێنان و فێربونی بەردەوام و ڕێنوێنیکردنی دەستکەوتنی کار پێشکەش بە دەرچوان دەکرێت و پەیوەندی زانکۆ لەگەڵ دەرچوان بەردەوام دەکات.
· دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەش بە هەماهەنگی وەزارەت و زانکۆکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی، بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی ڕاهێنان و گەشەپێدانی توانای کارسازی و دروستکردنی مۆدێلی ناوازەی کار بۆ خوێندکاران و دەرچوان برەخسێنین و لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و ڕاهێنان زیاتر پەرە پێ بدەین.
· دروستکردنی سیستمێکی پێشکەوتوو بۆ ڕوپێوی بەردەوام و ساڵانەی پێداویستییەکانی بازاڕی کار، بۆ ئەوەی زانکۆکانمان باشتر و وردتر لە پێشبینییەکانی پێداویستیەکانی بازاری کار و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و پیشەسازی بڕوانن و پرۆگرامەکانی خوێندنیش لەم چوارچێوەیەدا ئاراستە بکرێن.
لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: جێگەی داخە لە ماوەی ڕابردوودا چەند هەوڵێکی نەزۆک لەلایەن پاشماوەکانی تیرۆرستانەوە بەشێک لە ناوچە جێناکۆکەکانیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی پۆلێک پێشمەرگە و هاووڵاتی سیڤیلی لێکەوتەوە، لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی بەرگری کوردستان ڕادەگەیەنین، ئەوان لەپێناو پاراستننی کوردستان و لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆرستاندا گیانی خۆیان بەخشی، ئێمە بەڵێن دەدەین لە سەنگەری زانستەوە درێژەپێدەری ڕێگایان بین.
لە وتەیەکدا د. ئارى عادل، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک، ئاماژەى بەکار و چالاکییەکانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک و ژمارەى قوتابیان و مامۆستایان و دەرچوانى ئەمساڵ کرد و ڕاگەیاند: زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک لە شەش کۆلێژى تەکنیکى و هەشت پەیمانگەى تەکنیکى و ٥١ بەشى زانستى و کارگێڕى و تەندروستى و تەکنەلۆجى و کشتوکاڵى پێکدێت، هەروەک وتیشى: زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک لەسەر ئاستى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى هەنگاوى گرنگى ناوە و لەگەڵ ژمارەیەک زانکۆى جیهانى ڕێککەوتن و یاداشتنامەى هاوبەشى واژۆ کردووە. وتیشى لەسەر ڕاسپاردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان گرنگى دان بە خوێندنى پیشەیى ئەولەیەتى کارکردن بووە جگە لە پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بە پێداویستیەکانى بازاڕى کار و پیشەى هەرێمى کوردستان.
هەر لەڕێوڕەسمەکەدا دەرچوان سوێندنیان خوارد و بڕیاری بەخشینی بڕوانامەیان بۆ خوێندرایەوە.