Skip to the content

خولى دوانزەهەمینی دەرچووانی زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- خولى دوانزەهەمینى دەرچووانی زانکۆی سۆران بە ئامادەبونی بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان بەڕێوەچوو، کە تیایدا (١٠٦١) دەرچوو لە فاکەڵتیەکانى ئاداب و پەروەردە و زانست و ئەندازیاری و یاسا، بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێ بەخشرا.
 
لە وتەیەکدا د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، بەناوی زانکۆی سۆرانەوە پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد و بە پێشمەرگەی ئەکادیمیی نیشتیمان وەسفى کردن. هیوای سەرکەوتنیشی بۆ دەرچووان خواست و ڕایگەیاند: زانکۆی سۆران دەخوازێت لە دوای پەیوەندیی بە خوێندکاران و  قوتابیەکانیەوە بەردەوام بێت تەنانەت لە دوای دەرچوونیشیان.
 
لە لایەن خۆیەوە د. عه‌بدولفەتاح عه‌بدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە وتەیەکدا بەناوى وەزارەتەوە پیرۆزبایى پێشکەش بە دەرچووانی خولی ١٢ی زانکۆی سۆران کردو وتى: ئەمڕۆ ١٠٦١ دەرچووی زانکۆکەتان لە بوارە جیاجیاکانی ئاداب و پەروەردە و زانست و ئەندازیاری و یاسا بڕوانامەی بەکالۆریوس بەدەست دەهێنن. هاوکات هەر لەم ڕێورەسمەدا ٨٩ دەرچووی خوێندنی باڵا لە بواری پسپۆڕی جیا جیادا بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا وەردەگرن.
 
هەروەک وتیشى: لە ماوەی ڕابردوودا زانکۆکەتان توانیویەتی لە ڕووی کواڵیتی خوێندن و توێژینەوەی زانستی و فراوانکردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتی و ژێرخانی زانستی و ئەلیکترۆنی پێشەنگ بێت، هیوامان وایە لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەردەوام بن و لەسەر دەستى سەركردە ئەكادیميييە نوێيەكان و مامۆستايان و فەرمانبەرانى زانكۆ و بەتايبەتيش بەرپرسى ئيدارەى سەربەخۆى سۆران زانكۆكەتان پێشكەوتنى زياتر و دەستكەوتى گەورەتر بەدەست بێنێت و بێگومان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەك هەميشە پشتیوانتان دەبێت. 
 
بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا دووپاتیکردەوە: وەزارەت هەموو هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ فراواکردنی دەرفەتی یەکسانی خوێندن بۆ ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هەموو ئەو دەرچووانەی ئامادەیی کە لەڕێگای زانکۆلاینەوە داوایان پێشکەش کردبوو لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان جێگا بکەینەوە، ئەمەش تەنها لەپێناو دروستکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆکانی هەرێم درێژە بە خوێندن بدەن. 
 
د. عه‌بدولفەتاح عه‌بدولڕەزاق، وتیشى: هەوڵمانداوە پرۆسەی خوێندن و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن زیاتر بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابووری کوردستان ببەستینەوە، لە ئێستادا کار دەکەین بۆ داڕشتنی ستراتیجی فراوانکردنی خوێندنی پیشەیی و ڕووپێوی بەردەوامی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و دروستکردنی پەیوەندی توندوتۆڵ لە نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی. 
 
لە کۆتایی وتەکەشیدا سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجوومەن و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سۆرانى کرد کە ماندوو بوون لە پێگەیاندنی ئەم پۆلە گەنجە.
 
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا دەرچووان سوێندنیان خوارد و بڕیاری بەخشینی بڕوانامەیان بۆ خوێندرایەوە هەروەها خەڵات بەسەر یەکەمی هەموو بەشەکان دابەش کرا.