هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە عێراق و هەرێمى کوردستان نەخشەڕێى پێکەوە کارکردنیان دادەڕێژن
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بۆ تاوتوێکردن و دیاریکردنى کێشەو گرفتە هاوبەشەکانى نێوانیان و، داڕشتنى نەخشەڕێى پێکەوەکارکردنیان، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراقى سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانى کرد.
لە بەشێکى دیدارەکەدا، لەلایەن د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى د. یاسین ئەلعیساوى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراقى، هیواى خواست لە ماوەى مانەوەى لە کوردستان بتوانن کارى گرنگ بکەن بۆ چارەسەرکردنى گرفتە هاوبەشەکان.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، لەگەڵ د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە بە ئامادەبوونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو، د. یاسین ئەلعیساوى، دواى خۆشحاڵیى دەربڕین بە ئامادەبوونى لە هەرێمى کوردستان، ئامانجى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان خستەڕوو، وتیشى لە پەراوێزى کۆنفرانسى (بنیاتنانی ئاشتی و نەهێشتنی کۆمەڵکوژی)، کە لە شارى سلێمانى بەڕێوەچوو، سەردانى ژمارەیەک لە زانکۆکانم کرد، لە ڕاستیدا شانازى بە زانکۆکانتانەوە دەکەین، کە ژێرخانێکى پتەوى باشیان هەیە بە تایبەت لە تاقیگە و پێداویستییەکان.
لە بەرامبەردا، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بە گرنگیى کارى پێکەوەیی کرد، بە تایبەت لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى گرفتە هاوبەشەکان و دیاریکردنى نەخشەڕێى پێکەوە کارکردن.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى کارەکانى داهاتوو کرا، واش بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا، لیژنەیەکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراقى سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بکات بۆ تاوتوێکردنى بابەتە هاوبەشەکانى نێوانیان و دیاریکردنى نەخشەڕێى چارەسەرکردنیان.