وەزارەتى خوێندنى باڵا هەوڵ بۆ دامەزراندنى (جین بانک) بۆ دۆکومێنتکردنی داتاو زانیاری كەسوكاری جینۆسایدكراوان دەدات
هەولێر، هەرێمى کوردستانن، عێراق (GOV.KRD) - د. خەتاب ئەحمەد مستەفا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەت کار دەکات بۆ دامەزراندن و دروستکردنی (جین بانک) بۆ دەستکەوتن و دۆکومێنتکردنی داتا و زانیاری كەس و كاری سەربەرزی جینۆساید كراوان، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا بەراورد بکرێت بە (DNA)ى پڕۆفایلی ئەو کەسانەی کە جینۆسایدکراون.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدوداچوون بە وەکالەت، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٥/١٢/٢٠٢١) لە میانەى وتارێکیدا هات، کە لە کۆنفرانسى بنیاتنانی ئاشتی و نەهێشتنی کۆمەڵکوژی لە شارى سلێمانى پێشکەشی کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە لەلایەن زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، زانکۆی کۆیە، زانکۆی هەڵەبجە، زانکۆی چەرمۆ، کورسی یونیسکۆ بۆ جینۆساید، دەزگای شەهیدان لە حکومەتی عێراق، دەزگای زیندانیانی سیاسی لە حکومەتی عێراق و چەند دەزگایەکی تر ڕێکخرابو، کۆنفرانسەکە لە زانکۆی گەشەپێدانى مرۆیی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و لێپرسراوانى حزبى و حکومى ، دەستی بەکارەکانی کرد، چەند وتارێک پێشکەش کرا.
بۆ ئەو مەبەستە لەو چوارچێوەیەدا، د.خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدوداچوون بە نوێنەرایەتى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد،
لە سەرەتاى وتارەکەیدا، بەناوى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بەناوی بۆردى باڵاى جینۆساید لە وەزارەت، پیرۆزبایى ئەنجامدانى ئەم کۆنفڕانسەى لێکردن، وتیشى ئەمە دەرخەرى هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتى زانکۆیە بۆ نزیکبوونەوە لە خەمە گشتیەکانى کۆمەڵگە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا دواى باسکردن لەو تاوان و کارەساتانەى بەسەر گەلى کوردا هاتوون، د.خەتاب ئەحمەد باسى لە کارنامەى وەزارەت بۆ بوارەکە کرد و ڕایگەیاند: ئێمە لە وەزارەتەکەمان بە گرینیگیەوە لە پرسى جینۆساید دەڕوانین، بۆ ئەمەش بۆردێکى باڵاى جینۆسایدمان پێکهێناوە بە بەشداریکردنى ژمارەیەک لە زانکۆکان، هەروەها لە بەشێک لە زانکۆکان سەنتەرى تایبەت بەم بوارەمان کردۆتەوە، کە کاریان بۆ بەدۆکیۆمێنتکردن و توێژینەوەى زانستى لەسەر پرسى جینۆساید و ناساندنى کەیسى جینۆسایدە، هەروەک هەنگاوێکى دیکەیان بەجیهانى ناساندنى ئەم کەیسەیە، لە هەمان کاتدا خزمەتێکى گرینگ پێشکەش بە ناوچەکانی خۆیان دەکەن کە تیایدا تووشى تاوانەکانى دژ بە مرۆڤایەتى بوونەتەوە، هەموو ئەمانەش لە ڕێگەى ئەنجامدانى توێژینەوەی زانستی و بەرزکردنەوەى پێشنیازەکان بۆ حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستى کار کردن لەسەریان، لە هەمان کاتیشدا لە ڕێگەی ئەم توێژینەوانەوە تاکەکانى کۆمەڵگە بەو مەترسى و هەڕەشانە ئاشنا دەکەن، کە لەڕابردوو لە ئێستاشدا دەرهەق بە ڕۆڵەکانى گەلەکەمانیان کردووە.
نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى ئاشکراشی کرد، کارێکی تری وەزارەت هەوڵدانە بۆ دامەزراندن و دروستکردنی (جین بانک) بۆ دەستکەوتن و دۆکومێنتکردنی داتا و زانیاری كەس و كاری سەربەرزی جینۆساید كراوان، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا بەراورد بکرێت بە (DNA)ى پڕۆفایلی ئەو کهسانەی کە جینۆسایدکراون، هەر پەیوەندیدار بەم بابەتەوە ڕۆژى سێشەممە لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لە شارى هەولێر بە هاوبەشیى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ بەشى (بەڵگەکانى تاوان)-مان کردەوە کە ئەمەش دەکرێت بیکەین بە دەرفەت بۆ زیاتر خزمەتکردن و کارکردن لەسەر پرسی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان.
د.خەتاب ئەحمەد تەئکیدى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە وەک وەزارەت پاڵپشتى سێنتەرەکانى توێژینەوەى جینۆساید لە زانکۆکان دەبن، هەروەها پاڵپشتی ئێوەی توێژەر و ئەکادیمیستان دەبێ، وتیشى لە ڕێگەی توێژینەوەکانی ئێوە و بڵاوکردنەوەیان لە جۆرناڵە نێودەوڵەتییە ئاست بەرزەکان دەتوانین کەیسەکانی جینۆسایدى گەلەکەمان بە هەموو دونیا بناسێنین و بە زیندوویى لە یادەوەرى نەتەوە و نەوەکانى خۆمان و نەتەوەکانی دونیاش بهێڵینەوە. هەر بۆیە لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتەکەمان بڕیارێکى گرینگیدا کە بابەتى جینۆساید وەک بابەتێکى سەرەکى لە سەرجەم زانکۆکانى کوردستان بخوێندرێت.
لە کۆتایشدا هیواى خواست لە ماوەى ئەم دوو ڕۆژەى کۆنفڕانسەکەدا، گشت گفتوگۆ و توێژینەوەکان بکەن بە ڕاسپاردە بۆ ئەوەی پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێن و پاڵپشتى وەزارەتیش بۆ جێبەجێکردنیان دووپاتکردەوە.