وەزارەتى خوێندنى باڵا پۆستى ژمارەیەک سەرۆک زانکۆ ڕادەگەیەنێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى ڕێنماییەکاندا پۆستى (٤) سەرۆک زانکۆ و (سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنى ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی) ڕادەگەیەنێت، کە پۆستەکان بریتین لە:
1) سەرۆکى زانکۆی سلێمانى
2) سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
3) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین
4) سەرۆکی زانکۆی چەرمو
5) سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنى ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێـت: هەر کەسێک ئارەزووى هەیە و مەرجەکانى تێدایە، دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا (C.V) و داواکارییەکەى پێشکەش بکات، تا ناوى لە لیستى پێشکەشکاراندا تۆمار بکرێت.
مەرجەکان بۆ پۆستی سەرۆکی زانکۆ:
- هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت .
- نازناوی زانستى لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت.
- خزمەتى لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت.
مەرجەکان بۆ سەرۆکی دەستی کوردستانی بۆ خوێندنى ستراتیژی و توێژینەوەی زنستی:
- هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بێت لەیەکێک لە بوارەکانی زانستی.
- نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆر کەمتر نەبێت.
تێبینیەکان:
• ئەو بەڕێزەى داواکاری پێشکەش دەکات باشترە دید و بۆچوون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بەمەبەستى بەرەو پێش بردنى زانکۆکەی بۆ ئەو چوار ساڵەى کە لە پۆستەکەى بەردەوام دەبێت، هەروەها زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنۆلۆجیای بواری خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی هەلى زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت.
• دواین کات بۆ پێشکەشکردنى (C.V) و پوختەى ڕاژە، تاکو کۆتایی دەوامى فەرمى ڕێکەوتى (2021/12/12) ڕۆژى (یەکشەمە) دەبێت.
• هەر بەڕێزێک ئارەزوى هەیە و مەرجەکانی پێشکەشکردنی هەیە، دەتوانی (C.V) و پوختەى ڕاژەو لیستی هەموو توێژینەوە بڵاوکراوەکان لە گۆڤاری زانستی مەحکەم ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتى بەدواداچونى پۆستەکان لە دیوانى وەزارەت لە ڕێگەى ئەم ئیمێڵە (jobs@mhe-krg.org) بنێرێت.