وەزارەتى خوێندنى باڵا یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەگەڵ (GEMS) بە هاوکاریى زانکۆى لەندەن بۆ پەرەپێدانى تواناکان ئیمزا دەکات
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە مەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى ستافى ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان و ئەنجامدانى ڕاهێنان و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان و دڵنیایى جۆرى و توێژینەوەى زانستى، یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کۆمپانیاى ڕاوێژکارى بوارى خوێندنى باڵا (GEMS) بە هاوکارى زانکۆى لەندەن ئیمزاکرا.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (2021/12/21) دواى دیدارى د. ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ ستافى (GEMS)، بە ئامادەبوونى د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و بەڕێوەبەرانى گشتى، و هەروەها دەیڤد هەنت، کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان و د. ئەمیر ساداتى نوێنەرى (GEMS)، یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و (GEMS) ئیمزا کرا.
لە وتەیەکدا بریکارى وەزارەت دواى بەخێرهێنانى کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان، باسێکى لەبارەى ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى ئەم وڵاتە خستەڕوو، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: تاکو ئێستا ٤٦ یاداشتى لێکتێگەیشتن لە نێوان وڵاتى بەریتانیا و وەزارەتەکەمان و ٤٩ پڕۆژەى ئەکادیمى لە نێوان زانکۆکانى هەردوولا ئیمزا کراوە. وتیشى: لەسەدا ٦٧%ى خوێندکاران و قوتابیانى ئێمە لە تواناسازى لەسەر ئاستى جیهان لە وڵاتى بەریتانیا بوونە، ئەمە جیا لەوەى چەندین پڕۆژەى هاوکارى و هەماهەنگى جیاواز و جۆراو جۆر لەنێوان ئێمە و ئەو وڵاتە له سەرجەم ئاست و سێکتەرەکاندا هەبوونە.
لە لایەن خۆشیەوە کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان، دڵخۆشى خۆى نیشاندا بە ئیمزاکردنى ئەم یاداشتى لێکتێگەیشتنە و هیواى خواست پڕۆژە زانستى و ئەکادیمییەکانی وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکانى کوردستان و زانکۆکانى وڵاتى بەریتانیا زیاتر بێت و ئاستى پەیوەندییەکان بەهێزتر بکرێن.
دواتریش یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لە نێوان هەریەک لە د. محهمهد حوسێن ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و د. ئەمیر ساداتى نوێنەرى (GEMS) ئیمزا کرا، بەپێى ناوەرۆکى یاداشتنامەکە، کۆمپانیاى ڕاوێژکارى بوارى خوێندنى باڵا کە هەماهەنگیى ڕاستەوخۆ و باشیان لەگەڵ زانکۆکانى لەندەن و کامبریج هەیە، ڕاهێنان بۆ ستافى ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان ڕێکدەخەن بە مەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیان و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان و دڵنیایى جۆرى و توێژینەوەى زانستى و خوێندنى باڵا و ڕیزبەندى نیشتمانى و شێوازەکانى وانەوتنەوە و فێربوون و خوێندن و تەکنەلۆجیا.