وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس زانکۆکان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەى زیاتر دەبات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى لێژنەیەکەوە کار دەکات بۆ پەرەپێدان و یەکخستنى پرۆسەى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەى لێژنەى پەرەپێدان و یەکخستنى پرۆسەى جێبەجێکردنى سیستمى بۆلۆنیا و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان، بەئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و نوێنەرى زانکۆکان رۆژی دوشەممە ڕێککەوتى (2021/12/13) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا کە هەریەک لە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دەستخۆشى لە کارى لێژنەکە کرد و ڕایگەیاند: بۆلۆنیا پرۆسێس هۆکارێکی گرنگی گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندنی زانکۆکانمانە و لە زۆر بواری گرنگدا خزمەت بە گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا دەکات، بەتایبەت یەکخستنی چوارچێوەی بڕوانامەکان و یەکەکان و ئاکامەکانى پرۆسەى خوێندن و ستانداردکردنی ئاست و کواڵیتی ئەو بڕوانامانەی کە لە زانکۆکانمان دەدرێن.
د. ئارام محمد قادر وتیشى: بۆلۆنیا پرۆسێس هاوکارمان دەبێت بۆ گەشەپێدانی کواڵیتی و بەرزکردنەوەی ئاست و کارامەیی دەرچووان، لهههمان كاتدا زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نێودەوڵەتی دەبات، بۆیە بۆ تێگەیشتن و قۆڵبونەوەی زیاتر لەم پرۆسەیە، پێویستمان بە وەبەرهێنانی زیاترە بەمەبەستى گەشەپێدانی ژێرخان و توانا مرۆییەکانی زانکۆکانمان، بۆ ئەوەی باشتر خۆمان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە ئامادە بکەین.
لەلایەن خۆشیانەوە هەریەک لە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارانى وەزارەت و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و بەڕێوەبەرانى گشتى و نوێنەرى زانکۆکان، هەڵسەنگاندنى پێویستیان بۆ کارەکانى لێژنە کرد، بۆ ئەمەش بڕیاردرا ئامادەکارى پێویست بکرێت بەمەبەستى ئەنجامدانى کۆنفرانس و سمینار و دیبەیتى زانستى لەنێوان زانکۆکان لەبارەى بۆلۆنیا پرۆسێس و ئەنجامدانى ئاڵوگۆڕى زانستى لە نێوانیان بۆ دەوڵەمەندکردن و تێگەیشتنى زیاتر لەبارەى پرۆسەکە و ئاشناکردنى فێرخوازان و خوێندکاران و قوتابیان لەبارەى بۆلۆنیا پرۆسێس وەک پرۆسەیەکى گرنگ و زانستی.