Skip to the content

یاداشتى لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەى بەشى (بەڵگەکانى تاوان) ئیمزاکرا

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کردنەوەى بەشى (بەڵگەکانى تاوان) لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر هەوڵێکە بۆ خزمەتکردن بە ڕەوتى لێکۆڵینەوەکان و ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەى زانستى و ئەکادیمى لە تاوانەکان بۆ گەیشتن بە سەرچاوەى تاوانەکان، لەهەمان کاتیشدا پێگەیاندنى کادیرى پسپۆڕە لە بوارى بەڵگەكانى تاوان و تاقیگەى تاوان بۆ وانە پراكتیكییەكان.
 
لەبەرامبەریشدا وەزیرى ناوخۆ ڕایگەیاند: سەرۆکى حکومەت پاڵپشتە بۆ کردنەوەى ئەم بەشە و بەمەش بۆشایى ئەکادیمى لە وەزارەتەکەمان پڕدەکرێتەوە و تەواوى پاڵپشتى خۆشمان بۆ سەرکەوتنى لەسەرجەم لایەنەکانەوە دووپات دەکەینەوە.
 
ئەم وتانە لەمیانەى ئیمزاکردنى یاداشتى لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەى بەشى (بەڵگەکانى تاوان) لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لە پەیمانگاى تەکنیکى پزیشکى هەولێر جەختى لێکرایەوە، کە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٤/١٢/٢٠٢١) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، بە ئامادەبوونى (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (ڕێبەر ئەحمەد) وەزیرى ناوخۆ و سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردوولا بەڕێوەچو.
 
بەر لە ئیمزاکردنى یاداشتى لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەى بەشى (بەڵگەکانى تاوان) لەزانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لە کۆبوونەوه‌یەکدا وەزیرى ناوخۆ ڕایگەیاند: ئێمە لە وەزارەت تاقیگە و ئەفسەرى باش و سەرکەوتوومان هەیە، بەڵام ئەم بابەتە بە خول و ئامادەکردنى کادیر ڕێکخستنى ئەستەمە، بۆیە بە کردنەوەى ناوەندێکى زانستى لەو شێوەیە دەبێتە هاوکارێکى باش بۆ دادگاکان، دەستخۆشیشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد بۆ کردنەوەى ئەم بەشەو جەختى لەپاڵپشتى و هاوکارى تەواوى وەزارەتەکەى کرد بۆ سەرکەوتنى خوێندن لەو بەشە هەستیارە، ڕێبەر ئەحمەد: تەئکیدى کردەوە کە هەر کارێک بکەوێتە ئەستۆى وەزارەتى ناوخۆ بۆ سەرکەوتنى ئەو بەشە درێغى ناکەن.
 
لەلایەن خۆشیەوە (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کردنەوەى ئەم بەشە سەرەتا بە وەرگرتنى (٢٥) ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆ دەبێت و خوازیار دەبێت دەرچووى بەشى زانستى بێت، دواى تەواوکردنى خوێندنیش بڕوانامەى دبلۆمى تەکنیکى لەبوارى بەڵگەکانى تاوانیان پێدەدرێت. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: بۆ کردنەوەى ئەم بەشە ئەولەویەت بۆ کارمەندانى وەزارەتى ناوخۆیە، ئەمەش لەپێناو پێگەیاندنى کادیرى پسپۆڕى بوارەکەیە، تەئکیدیشى کردەوە بە سەرکەوتنى خوێندن لەو بەشە هەوڵەکان بۆ ئەمە دەبن کە لە داهاتوو بیکەین بە کۆلێژ و بڕوانامەکەش بکرێت بە بەکالۆریۆس. 
 
دواتریش هەریەک (د. ئارام محەمەد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (ڕێبەر ئەحمەد) وەزیرى ناوخۆ یاداشتى لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەى بەشى (بەڵگەکانى تاوان) لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێریان ئیمزاکرد و، وەزیرى خوێندنى باڵا فەرمانى کردنەوەى بەشەکەى پێشکەش بە سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر کرد.
 
دواى مەراسیمى ئیمزاکردنەکەش هەریەک لە وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و وەزیرى ناوخۆ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن وردەکاریى ئیمزاکردنى یاداشتەکەیان ڕوونکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا (د.ئارام محەمەد قادر) وتى: کردنەوەى ئەم بەشە هەوڵێکە بۆ خزمەتکردن بە ڕەوتى لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکى زانستى و ئەکادیمى بۆ دامەزراوەکانى وەزارەتى ناوخۆ، بە مەبەستى گەیشتن بە سەرچاوەى تاوانەکان، لەهەمان کاتیشدا پێگەیاندنى کادیرى پسپۆڕە لە بوارى بەڵگەكانى تاوان و تاقیگەى تاوان و وانە پراكتیكییەكان.
 
لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى ناوخۆ: وتى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشتە بۆ کردنەوەى ئەم بەشە و بەمەش بۆشایى ئەکادیمى لە وەزارەتەکەمان پڕدەکرێتەوە، هاوکات وتیشى ئەم بەشە تەواوى ئامادەکارى زانستى لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ کراوە گرنگیەکى تایبەتى پێدراوە بەتایبەت لە داڕشتنى پڕۆگرامى خوێندن و ستافى پێویستى وانە وتنەوە، ئاماژەکانیش پێمان دەڵێن پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت و تەواوى پاڵپشتى خۆشمان بۆ سەرکەوتنى لەسەرجەم لایەنەکانەوە دووپات دەکەینەوە.