بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا، لیژنەى باڵاى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان کۆبۆوە
هەولێر،هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/2/17 بەسەرپەرشتى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان بە ئامادەبونى د. محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى و د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و نوێنەرى سەرجەم زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچو.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەوڵ و ماندوبونى لێژنەى باڵاى ڕیزبەندى و نوێنەرى زانکۆکانی بەرزنرخاند بۆ ئامادەکارییەکانیان بەمەبەستى جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا سوپاسى لێژنەى پێشوى ڕیزبەندى نیشتیمانى کرد بۆ کار و ئەرکەکانیان لەماوەی ڕابردو، کە ڕیزبەندی نیشتمانی توانی گۆڕانکاری بەرچاو لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ ئەنجامدانى پێشبڕکێى زانستى لە نێوان زانکۆکانی کوردستان.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەژێر رۆشنایی ڕوئیاو بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچونەوەمان بە پێوەرەکان کردوە، بە تایبەت توێژینەوەی زانستی و چاڵاکیە زانستییە نێودەوڵەتی و نیشتمانیەکان و بەشداری زانکۆ لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی گۆمەڵگە. چونکە زانیارییەکانى ڕیزبەندی نیشتیمانی بەکار دەهێنین بۆ توێژینەوەی زیاتر لەبارەى سێکتەرى خوێندنی باڵای کوردستان. وتیشى: دەخوازین هەموان بەیەکەوە بتوانین کار بۆ پتەوکردنی سێکتەرى خوێندنی باڵا و بەهێزکردنی زانکۆو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمەکەمان بکەین.
لەبارەى پێوەرەکانى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان، د.ئارام محمد قادر وتى: لەئێستادا پێوەرەکانی ڕیزبەندی نیشتیمانی بریتیە لە حەوت پێوەر کە پێکهاتوە لە: دەستەی وانەبێژان (ستافی ئەکادیمی)، توێژینەوەی زانستی ، چالاکیە زانستییە نێودەوڵەتی و نیشتمانیەکان (ناوخۆکان)، ڕازیبونی (دلشادبونی) قوتابی/خوێندکار، دڵنیایی جۆری، چالاکیە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکان، کتێبخانە. بۆیە هەوڵمانداوە گۆڕانکارى لە پێوەرەکان بکەین بەشێوەیەک کاریگەرى هەبێت لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و کوالێتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان.
هەر لەوتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە سەرجەم پێوەرو بنەماکانى تایبەت بە ڕیزبەندى لەسەر وێبسایتى نور بڵاودەکرێتەوە بۆ ئەوەى زانکۆکان ئاگادارى سەرجەم وردەکارییەکان بن، وتیشى بۆ ئەمساڵ ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان بەشێوەى گروپ نابێت بەڵکو یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆکان دیارى دەکرێت. بۆ ئەمەش پاڵپشتى تەواوى خۆى بۆ زانکۆکان بەمەبەستى سەرکەوتنى پرۆسەکە دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند: مەبەستمانە ئەم پرۆسەیە وەک یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانى وەزارەت بەسەرکەوتوى و دور لە دەستتێوەردان و کاریگەرى هیچ کەس و لایەنێک ئەنجام بدەین و پێوەرو بنەماکان سەنگى سەرەکى بن بۆ سەرکەوتنى تەواوى پرۆسەکە لەپێناو کوالێتیەکى باش بۆ سەرجەم دامەزراوەکانمان لە هەرێمى کوردستان.
لە کۆبونەوەکەدا د.محمد حسین ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لە وتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگترین پێوەرو بنەماکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان کرد بۆ ئەمساڵ کە بۆ پۆڵینکردنى زانکۆکان پەیرەو دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا داواى لە زانکۆکان کرد هاوکارو هەماهەنگ بن لەگەڵمان بۆ سەرکەوتنى ئەم پرۆسەیە کە خزمەت بە سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى دەکات.
لەلایەن خۆیانەوە هەریەک لە نوێنەرى زانکۆکانى کوردستان بەشدارى کارایان کرد لە گفتوگۆکانى پێوەرو بنەماکان و سەرنج و تێبینیەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنى پرۆسەکە لە هەرێمەکەمان، دواتریش بە پێشکەشکردنى پریزینتەیشنێک لەلایەن د.هاوکار رەشید بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى لە وەزارەت زانیارى زیاتر لەبارەى پێوەرو بنەماکان خرایەڕو.