Skip to the content

بڕوانامەی زانكۆی (HAMK)ى فنلاندى بەسەر (٥٣) بەشداربوى پێداگۆجى دابەشكرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2021/2/9 لە مەراسیمێك و لە میانەی پێشكەشكردنی وتارێكیدا كە بەبۆنەی دابەشکردنى بڕوانامەى زانكۆی (HAMK)ى فنلاندى بەسەر 53 بەشداربوى ڕاوندى یەکەم و دوەمى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانە وتنەوە) ڕێكخرابوو، لەو مەراسیمەدا كە لە سەنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر، بەئامادەبونی بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆكی ژمارەیەك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەكانی دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا ئامادەبووان بەساتێك ڕێگرتن بۆ گیانی پاكی شەهیدان بەبێ دەنگی وەستان.

پاشان د.ئارام محەمەد قادر وتارێكی پێشكەشكرد، لە وتارەكەیدا دوای خستنەڕوی جێبەجێكردنی كارنامەی وەزارەتەكەی لە ماوەی یەك ساڵ و هەشت مانگی ڕابردودا، لەهەمان کاتداباسی لەو ئاستەنگ و ئاڵنگاریانەش كرد، كە بونە هۆكاری بەجێنەگەیاندنی تەواوی كارو پڕۆژەو بەرنامەكانیان، وتیشی مایەی شانازییەكی گەورەیە بەرگەی قەیرانەكانمان گرت و ڕێگەمان نەدا پڕۆسەی خوێندن پەكی بكەوێ.

لەبارەی خولی پێداگۆجی، وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی وتی: بێگومان پرۆژەی ڕیفۆرمی سیستمی پێداگۆجی خاڵی وەرچەرخانە بە ئاراستەی فراوانکردنی دونیا بینی نەوەی نوێ و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئازادی بیرکردنەوە و داهێنان و کارسازی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندی پرۆسەی خوێندن لەگەڵ کایەکانی ژیانی کۆمەڵگاو پێداویستییەکانی بازاڕ و گەشەکردنی ئابووری وڵاتەکەمان، ڕاشیگەیاند: دەبێ هەوڵ بدەین گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هونەری گەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانست و بنیادنانی کارامەیی بەدی بهێنین، لەهەمانكاتدا دەبێ متمانەی تەواومان بە توانای ناوازەی یەکە بە یەکەی قوتابیان و خوێندکارانمان هەبێت و دەرفەتی دەرکەوتن و گەشەکردنی ئەو توانایانە بڕەخسێنێت.

هەر سەبارەت بەگرنگی پڕۆسەی پێداگۆجی، د.ئارام محەمەد قادر وتی: پرۆسەی خوێندن دەبێت لەسەر بنەمای (فێربون و بیرکردنەوەی داهێنەرانەو کارسازی) دابڕێژینەوە، هەموو خوێندکارێک دەبێت بەشداربێت لە کارێکی داهێنەرانە" کە خزمەت بە چارەسەرکردنی پرس و گرفتەکانی سێکتەرەکانی کۆمەڵگا بکات و هەوڵ بدەین پرۆسەی خوێندن بەتەواوەتی لەگەڵ کۆمەڵگاو بزنس و کەرتی پیشەسازی هەماهەنگ و پێکەوە گرێدراو بن، چونكە پرۆسەی فێربوون لە سەدەی بیست و یەکدا پرۆسەیەکی داینەمیکە و دەبێت هەموو سوچێکی کۆمەڵگا وەک ژینگەیەکی پەروەردەیی بۆ خوێندن و فێرکردن بەکار بهێنرێت، بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆگرامەی ئێوەش خزمەت بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە دەکات، لە كۆتایی وتەكەشیدا سوپاسی تایبەتی زانکۆی هامکی كرد، لە هەمانكاتدا سوپاسی زانكۆ تایبەتەكانی كرد، كە هەماهەنگ بون لە سەرخستنی ئەو پرۆسە گرنگە.

لە بەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا، لە پانێڵێكدا كە لەلایەن مامۆستا فوئاد سمایل سەرپەرشتیاری پێداگۆجی لەوەزارەت بەڕێوەچوو، ژمارەیەك لە مامۆستایانی بەشداربوی خولەكە باسیان لە گرنگی و ئەزمونی دوو ساڵەی كاركردنیان لەو سیستمە نوێیە كرد و بەهەنگاوێكی گرنگ و گەورەی وەزارەتیان لە قەڵەمدا.

لە بەشی كۆتایی مەراسیمەكەشدا، لەلایەن د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی و لێپرسراوانی ئامادەبوو بڕوانامەی زانكۆی (HAMK)ى فنلاندى بەسەر 53 بەشداربوى ڕاوندى یەکەم و دوەمى خولى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانە وتنەوە) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دابەشكرا.