Skip to the content

بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى دەستەى سەرپەرشتیارى پەیمانگە دوەمین کۆبونەوە بەڕێوەچو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەمە 2021/2/2 بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى دەستەى سەرپەرشتیارى پەیمانگەى باڵاى زانستە دارایى و ژمێریارییەکان، بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و ستافى پەیمانگە کە پێکهاتوە لە (سەرۆکى کۆمەڵەى زانستى ژمێرکارانى یاسایى) و (نەقیبى سەندیکارى ژمێرکاران و وردبینان) و (نوێنەرى سەرۆکى ئەنجومەنى پیشە) دوەمین کۆبونەوەى پەیمانگە دواى دامەزراندنى بەڕێوەچو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر سەرۆکى دەستەى سەرپەرشتیارى پەیمانگەى باڵاى زانستە دارایى و ژمێریارییەکان ڕایگەیاند، ئامانج لە دامەزراندنى ئەم پەیمانگەیە خزمەتکردنێکى دیکەیە لە بوارى دارایى و ژمێریارى بۆ هەرێمەکەمان و پێگەیاندنى ژمێرکارانی یاساییە بۆ خزمەتکردن لە بواری چاودێری و وردبینی ژمێریاری لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها وتیشى: پاڵپشتى تەواوى کارەکانى پەیمانگە دەبین و هاوکارو هەماهەنگ دەبین لەگەڵ ستافى پەیمانگە بەئامانجى سەرکەوتنى ئەو ئەرکەى لە پێناویدا دامەزراوە، ڕاشیگەیاند: بۆ بەرەوپێشبردنى کاروبارەکانى پەیمانگەى باڵاى زانستە دارایى و ژمێریارییەکان پێویستە لە ماوەى 90 رۆژدا لە ڕێکەوتى دامەزراندنیەوە کار بکات بۆ ئامادەکردنى پەیرەوى ناوخۆ و پەیکەربەندى ڕێکخستنى پەیمانگە بۆ بڕیاردان لەسەرى لەلایەن دەستەى سەرپەرشتیار.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بڕیارێکى پێویست بۆ ڕێکخستنى کاروبارەکانى پەیمانگە دەرکران. دواتریش لەلایەن سەرۆکى دەستەى سەرپەرشتیارى پەیمانگە بەش و هۆڵەکانى بەشێوەیەکى مەیدانى بەسەرکردەوە.

جێگەى ئاماژەیە، دواى هەڵوەشانەوەى (ئینستیوتى ژمێرکارانى یاسایی) بریارى دامەزراندنى (پەیمانگەى باڵاى زانستە دارایى و ژمێریارییەکان) دەرکرا ، ئەم پەیمانگەیە لە چوارچیوەی یاسا و ڕێساو ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا کارەکانی ڕێک دەخرێت و لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی دەکرێت.