وۆرک شۆپێک بۆ جێبەجێکردنى پێدانى فەندى یەکێتى ئەوروپا بەزانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ چوارشەممە 2021/2/3 بۆ پەرەپێدانی بوارەکانی جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پڕۆسێس و دڵنیایی جۆری و حوکمرانی باش لە سیستمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەڕێگەى فەندى یەکێتى ئەورپا پرۆژەکە دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەژێر ناوی پڕۆژەی (APPRAIS) فەندێکی یەک ملیۆن یۆرۆیی لە میانەی بەرنامەی ئیراسمەس پڵەس لە یەکێتی ئەورپا وەرگرتوە، ئامانج لە وەرگرتنى فەندەکەش پەرەپێدانی بوارەکانی جێبەجێکردنی بۆلۆنیا پڕۆسێس و دڵنیایی جۆری و حوکمڕانی باشە لە سیستەمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا لە ڕێگەی ئەنجامدانی وۆرکشۆپێک بەشێوەى ئۆنلاین کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت بە ئامادەبونى نوێنەرى چوار زانکۆى ئەوروپى پڕۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
د. مەحەمەد حوسێن ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى بەنوێنەرایەتی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەم پڕۆژەیە گرنگی و بایەخی زۆری هەیە بۆ وەزارەتەکەمان، چونکە بەرنامەو پڕۆگرامەکانی پڕۆژەکە هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەتیمان بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.
شایانی باسە بەشداربوانی پڕۆژەکە پێک دێت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و چوار زانکۆی ئەوروپی کە بریتین لە (زانکۆی پیزا لە ئیتالیا، زانکۆی ئۆسلۆ لە نەرویج، زانکۆی موریکا لە ئیسپانیا، زانکۆی ئیڤۆرا لە پورتوگاڵ) زانکۆ بەشدارەکانى هەرێمى کوردستانیش بریتین لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، پۆلیتەکنیکی دهۆک، گەرمیان، زاخۆ، چەرمو).