وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازى لە جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەرکمانە لەدوای نزیکەی سی ساڵ لەحوکمرانیمان، دامەزراوەکانى حکومەت بکەینە شوێنی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ ھاوڵاتیان بەگشتی و خوێندکارانی وڵاتەکەمان بەتایبەتی، کە شایەنی ئەوەن باشترین خزمەت بکرێن و ئایندەیەکی ڕونیان لەڕێگەی بەرزکردنەوەی تواناکانی کارسازیی و کارامەییەوە بۆ دەستەبەر بکرێت، وتیشى: بڕوامان وایە فەراھەمکردنی ژینگەیەکی تەندروست و مۆدێرنی خوێندن و پڕکردنەوەی پێداویستیە مادی و زانستییەکانیان زامنی دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی گەشە بۆ خوێندکارانی وڵاتەکەمان.
ئەو وتانەى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24 لەمیانەى پێشوازى کردنى لە دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان هات، کە بەیاوەرى ڕاوێژکارانى فەرمانگە سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان کرد.
لەدانیشتنێکدا هەردولا گفتوگۆیان لەبارەى پرسى خوێندنى باڵا و شێوازى هەماهەنگى لەگەڵ زانکۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، لەو چوارچێوەیەشدا جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە جەختى لە هاوکارى هەردوولا کردەوە بەتایبەت لەچوارچێوەى بەرنامەى ڕێکخراوەکانى نێودەوڵەتى بۆ دابینکردنى کورسى خوێندن لەزانکۆکانى جیهان بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.
لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەگرنگى هەماهەنگى تەواوى دامەزراوەکانى حکومەت کردەوە بە ئاراستەى خزمەت کردنى زیاترى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.