Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: پێویستە کارئاسانى تەواو بۆ ڕایکردنى کاروبارى مامۆستایان و هاوڵاتیان بکرێ

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ دووشەممە 2021/2/1 بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى، کۆبونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوبەرى ژمێریارى سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچو.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەى ڕونکردەوە، جیهان پێشکەوتنى گەورەى لەبوارى تەکنەلۆژیا ناوە، بۆیە پێوست دەکات بۆ هاوڵاتیان لەڕێگەى سیستەم و بەرنامەى نوێوە خزمەتى زیاتر بکرێن، بۆ ئەوەش وتى: پێویستە سیستەمێک دابڕێژین کە خزمەت بەهاوڵاتیان بکات و کارئاسانى بۆ بەڕێوەچونى کارەکان و ڕایی کردنى مامەڵەکانیان بکات، چونکە هاوڵاتیان شایستەى ئەوەن زیاتر لەم ڕوەوە خزمەت بکرێن.

لەبارەى پێشەنگى وەزارەتیش بۆ جێبەجێ کردنى باشترین خزمەت بەهاوڵاتیان، وتى دەبێت وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشەنگ بێت لە ڕایکردنى مامەڵەو خزمەتکردنى هاوڵاتیان، چونکە ئەم وەزارەتە لوتکەى زانست و زانیاریە لەوڵات، حکومەت چاوەڕوانى ئەوە لەئێمە دەکات و هاوڵاتیانیش لەئاستى ئەو داواکاریەن بۆیە دەبێت ئامانجەکەمان بپێکین.

لەکۆبونەوەکەدا د.خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى لە وەزارتى خوێندنى باڵا ئاماژەى بە ڕێکخستنەوەى کاروبارەکانى تایبەت بە یەکە ژمێریارەیەکان کردو سوپاسى سەرجەم یەکە ژمێریاریەکان کرد بۆ جێبەجێ کردنى کارەکانى هاوڵاتیان و مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەران.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا تاوتوێى چەند بابەتێکى پەیوەست بەکاروبارەکانى دیکەى سەرجەم فەرمانگەکانى وەزارەت و زانکۆکان کراو بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.