پەیامی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەموو کوردستانیان پیرۆز دەکەم بەگەلی کورد و هەمو پێکهاتەو ڕەنگە جیاوازەکانەوە. بە شانازییەوە دەڵێم زمانی شیرینی کوردی، لە ڕوی مێژویی و قۆڵایی پێکهاتە بنچینەییەکانی زمان، بە یەکێک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی میژوی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت، بڕوامان وایە کە زمانی دایک ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە گەشەکردنی هزری و سایکۆلۆجی و بنیادنانی کەسایەتی تاکەکانی گۆمەڵگەو بنەمای سەرەکی پرۆسەی خوێندن و فێربونە، ئەگەرچی بڕوای تەواومان بەو راستییەیە کە فێربونی زمانی دووەم کۆڵەگەیەکی گرنگی پرۆسەی خوێندنەو هۆکاری هاوبەشکردنی بەرهەمی مەعریفەو تێکەڵبونی کلتورییە، بەڵام فێربونی زمانی دوەم نابێت لەسەر حسابی فەرامۆشکردنی زمانی دایک بێت .
پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و مۆڕاڵی و زانستییە و فاکتەری بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە. وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕوئیا و پلانی درێژخایەنمان هەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی، جێگەی خۆشحاڵییە کە لە ئێستادا بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ڕوی مەعریفی و توانای مرۆییەوە لە ئاستێکی بەرزدان، هەوڵ دەدەین هەموو ئەم توانایانە یەک بخەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری زمانی کوردی و بنیادنانی زمانی فەرمی و هاوبەش لە هەرێمی کوردستان.
هیوامان وایە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بکەینە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەو پێکەوە گرێدانی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی و قوڵکردنەوەی یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەییمان، بەم هەنگاوە دەتوانین رۆحی ئەو شەهیدانە ئاسودە بکەین کە گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردی.
جارێکى تر رۆژی جیهانی زمانی دایک لە هەمو کوردستانیان پیرۆز دەکەم.
د. ئارام محمد قادر
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى