Skip to the content

کۆبونەوەى هاوبەشى وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى پەروەردە بەڕێوەچو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەمە 2021/2/7 بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە، کۆبونەوەى دەورى نێوان هەردو وەزارەت بە بەشدارى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردولا بەڕێوەچو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگى ئەنجامدانى کۆبونەوە دەورییەکانى (خولى) نێوان هەردو وەزارەتى بە بایەخ وەسفکرد بۆ تاوتوێکردنى پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردو وەزارەت. بۆ ئەمەش وتى: تێگەیشتنى تەواومان بۆ هەردو سێکتەرى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە کوردستان هەیە، بۆیە بونى هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوام و ئاڵوگۆڕى بیروڕاکان هاوکارمان دەبێت بۆ پێشخستنى زیاترى کەرتەکان.

لەبەرامبەردا ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە لەوتەیەکدا کۆبونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردولاى بەشێوەیەکى دەورى بەگرنگ زانى، بۆ ئەوەى پرس و بابەتە پێویستەکانى نێوان هەردو وەزارەت لە کۆبونەوەکاندا تاوتوێبکرێت. وتیشى: هەردو وەزارەت کارى زۆرمان بەیەکەوە هەیە، بۆیە دیدارى هاوبەشى هەردولا بە بەردەوامى گرنگە.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەجێنداو بەرنامەى دیدارى فراوان و هاوبەشى نێوان هەردو وەزارەت تاوتوێکرا کە وا بڕیارە لەداهاتویەکى نزیکدا بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردران لەبارەى بابەتە پەیوەندیدارەکانى هەردو وەزارەت ئەنجامبدرێت.