وەزیری خوێندنى باڵا لەگەڵ وتەبێژی حكومەت پەرەپێدانى کارى میدیایى تاوتوێ دەكەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2021/1/25) لە دیوانی وەزارەت، د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە د. جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، تاوتوێی پەرەپێدان و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان ڕاگەیاندنی وەزارەتەکان لەگەڵ فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا، بەمەبەستی خستنەڕوی زانیاری لەسەر کارەکان و گواستنەوەیان بۆ هاوڵاتیان و میدیاکان لە هەرێمى كوردستان.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشتى وەزارەتى بۆ کارەکانى فەرمانگەى میدیاو زانیارى دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند: هەماهەنگ و هاوکارتان دەبین بۆ سەرخستنى ئەرکەکانمان لە چوارچێوەى کارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ گەیاندنی كار و پرۆژەكان بە خەڵكی كوردستان.
لەبەرامبەردا وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختى لە گەیاندنى پەیامى ڕونى حکومەت کردەوە بۆ خەڵکى کوردستان، کە بریتیە لە خزمەتکردن و گەیاندنى باشترین خزمەتگوزارى لە ڕێگەى وەزارەت و دامودەزگاکانەوە بە هاوڵاتیان و گەیاندنى بەڕاى گشتى کوردستان.