Skip to the content

ئەمڕۆ ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى دیاریکردنی ئاست و خولەکانى زمانى ئینگلیزى ڕادەگەیەنرێت

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى تاقیکردنەوەى دیاریکردنی ئاست و خولەکانى فێرکاری زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵاو خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى ڕادەگەیەنێت.

لەو بارەیەوە د. محمد حوسێن سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و سەرۆکی لێژنەی تایبەت بە پێداچونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کارو چالاکیەکانی سێنتەرەکانی زمان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ چوار شەممە 6ی كانونی دووەم (یەنایر)ی 2021 كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى خولەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە سەنتەرى زمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى لەلایەن سێنتەرەکانەوە ڕادەگەیەنرێت.

سەرۆکی لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کارو چالاکیەکانی سەنتەرەکانی زمان ئاماژەی بەوە کرد خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیاران دەتوانن سەردانى وێب سایتى سێنتەرەکانى زمان و وێب سایتى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامەکانیان.

ئاماژەی بەوەش كرد دواى دەرچونى ئەنجامەکان بۆ ماوەى 72 كاتژمێر کاندیدان و خوازیاران دەرفەتیان لە پێشە بۆ پەڵپ گرتن لە ئەنجامەکانیان ئەمەش لەڕێگەی ئیمەیلی تایبەت بە سێنتەرەکان کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دادەنرێت.