Skip to the content

د. ئارام محمد قادر: بە جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نێودەوڵەتی دەچێت

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى لێژنەیەکى باڵاوە کاردەکات بۆ نوسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان.

 

لەو چوارچێوەیەدا بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەى لێژنەکە بە ئامادەبونى یاریدەرەى سەرۆک زانکۆکان ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (10\1\2021) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو.

 

لە کۆبونەوەکەدا کە هەریەک لە ڕاوێژکارى وەزارەت و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دەستخۆشى لە کارى لێژنەى نوسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان کردو ڕایگەیاند: بۆڵۆنیا پرۆسێس هۆکارێکی گرنگی گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندنی زانکۆکانمانەو، لە زۆر بواری گرنگدا خزمەت بە گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا دەکات، بەتایبەت یەکخستنی چوارچێوەی بڕوانامەکان و یەکەکان و ئاکامەکانى پرۆسەى خوێندن و ستانداردکردنی ئاست و کواڵیتی ئەو بڕوانامانەی کە لە زانکۆکانمان دەدرێن.

 

د. ئارام محمد قادر وتیشى: بۆڵۆنیا پرۆسێس هاوکارمان دەبێت بۆ گەشەپێدانی کواڵیتی و بەرزکردنەوەی ئاست و کارامەیی دەرچوان، له‌هه‌مان كاتدا زانکۆکانمان لە ڕەهەندی لۆکاڵییەوە بەرەو کرانەوەی نێودەوڵەتی دەبات، بۆیە بۆ تێگەیشتن و قۆڵبونەوەی زیاتر لەم پرۆسەیە، پێویستمان بە وەبەرهێنانی زیاترە بەمەبەستى گەشەپێدانی ژێرخان و توانا مرۆییەکانی زانکۆکانمان، بۆ ئەوەی باشتر خۆمان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە ئامادە بکەین. جێگەى وتیشى: جێگەى خۆشحاڵیە کە یەکێتى ئەوروپا پشتیوانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس لە هەرێمى کوردستان دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ یەکێتى ئەوروپا گرانتى (ئیراسمەس پڵەس)ى بۆ پشتیوانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس بەدەستهێناوە.

 

لەلایەن خۆشیانەوە هەریەک لە ڕاوێژکارى وەزارەت و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و یاریدەدەرى سەرۆک زانکۆکان، هەڵسەنگاندنى پێویستیان بۆ کارەکانى لێژنەى باڵاى نوسینەوەى سیاسەت و ڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى بۆلۆنیا پرۆسێس و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان کرد، بۆ ئەمەش بڕیاردرا ئامادەکارى پێویست بکرێت بەمەبەستى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى زانستى لە نێوان زانکۆکان لەبارەى بۆلۆنیا پرۆسێس و ئەنجامدانى ئاڵوگۆڕى زانستى لە نێوان زانکۆکان بۆ دەوڵەمەندکردنى تێگەیشتنەکان لەبارەى جێبەجێکردنى پرۆسەکە.