Skip to the content

پلانى کارکردنى ئەمساڵ بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا خرایە ڕوو

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- وەزیرى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى پلانى کارکردنى ئەمساڵى بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لەهەرێمى کوردستان خستەڕو و دوپاتیکردەوە بەهاوبەشى لەگەڵ زانکۆکان پرۆژەى زیاتر بۆ پێشکەوتن و پێشخستنى ئاستى زانکۆکان و پەرەپێدانى پرۆسەى خوێندن ئەنجام دەدەین.

ئەمڕۆ 13ی كانونی دووەم (یەنایر)ی 2021 بەسەرپەرشتی د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا وئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکان، دووەمین کۆبونەوەى ساڵى نوێى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە هۆڵى کۆبونەوەکانى پەیمانگەى تەکنیکى هەولێر بەڕێوەچو.

لە وتەیەکدا وەزیر سوپاسى سەرجەم سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانى کرد کە سەرەڕاى قەیران و ئالنگارییەکانى ساڵى ڕابردو کە ساڵێکى قورس بو بۆ پرۆسەى خوێندن، بەڵام سەربارى هەمو ئەمانە ستافى زانکۆکان توانیان بەردەوامى بە پرۆسەى خوێندن بدەن و بەسەر ئاستەنگ و ئالنگارییەکان سەرکەوتوبن.

جەختی لەوەش كردەوە سیستمى خوێندن بەشێوەى ئاوێتە (blended learning) وەک پێویستیەکى سەردەم و هاوشێوەى زۆربەى زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان کە پەیرەوى خوێندنى ئاوێتە دەکەن سەرکەوتنى بەرچاوى لە ناوەندەکانى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە. بۆ ئەمەش داواى لە ستافى زانکۆکان کرد هەموان بە گیانى یەکتیمى کار بۆ بەردەوامى و سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان بدرێت.

د. ئارام دوپاتیکردەوە پلان و کارنامەى کارکردنمان بۆ ئەمساڵ ئەوەیە باشتر خۆمان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە کردەوەو هەوڵ دەدەین بە هاوبەشى لەگەڵ زانکۆکان کاروانى پێشکەوتن و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانمان لەسەر نەخشەى ئەکادیمى جیهانى بەرەو پێشتر ببەین.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا تاوتوێکردنى بارودۆخى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان و چەند پرسێکى پەیوەست بە کاروبارەکانى زانستى و خوێندنى باڵا و خوێندکاران و کارگێڕى و دارایى و دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیاى جۆرى تاوتوێکران، تیایدا هەریەک لە پرسەکان دواى خستنەڕویان گفتوگۆى تێرو تەسەلیان لەبارەوە کراو بڕیارى پێویستیان بۆ درا.