Skip to the content

لە وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبوونەوەیەک بۆ فرەچەشنکردنى داهاتى زانکۆکان بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەئامانجى فرەچەشنکردنى داهاتى زانکۆکان و بەدیهێنانى سەربەخۆیی زانکۆکان، بەسەرپەرشتى د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرى ئەندازە و پڕۆژەکان لە زانکۆکان بەڕێوەچوو.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى 2021/7/7 و لە هۆڵى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى وەزارەت لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، د.داود ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پڕۆژەکان لە دیوانى وەزارەت وتى: لەسەر ڕاسپاردەى کۆبوونەوەکانى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران دەخوازین لەم کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەڕێوەبەرى ئەندازەو پڕۆژەکان لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان تاوتوێى چۆنیەتى فرەچەشنکردنى داهاتى زانکۆکان بکەین.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند: وەک وەزارەت لە چوارچێوەى پڕۆژەى سەربەخۆیی زانکۆکاندا هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانى سەربەخۆیى زانستى و کارگێڕى کارى گرنگ بکەن بۆ ئەوەى لە ڕووى داراییەوە داهاتیان فرەجۆر بکەن، چونکە پێمانوایە زانکۆ ناتوانێت سەربەخۆیی بەدى بهێنێت ئەگەر هەمیشە چاوى لە حکومەت بێت، بۆیە گرنگە زانکۆکان لە ڕووى داراییەوە کارى گرنگ و هەمەچەشن بەو ئاراستەیەدا بکەن تا لە داهاتوودا بگەن بەو ئامانجە، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە پێویستە پێداچوونەوە بەداهاتى زانکۆکاندا بکرێ بەتایبەت لە ڕسومات و کرێى خوێندن، هاوکات لە ڕووى ئەندازیارى گرنگە لە چوارچێوەى یاسا بەرکارەکاندا وەبەرهێنان لە موڵکەکاندا بکەین، بۆ ئەوەش پێویستیمان بە ڕاوبۆچوون و پێشنیازى تیمى ئەندازیارى لە زانکۆکاندا دەبێت.
 
لەلایەن خۆشیەوە د.توانا نجف محمد خان بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی لە وتەیەکیدا باسى لە گرنگى پڕۆژەکە کرد، هەروەک دیدگەى ئەنجوومەنى وەزیرانى بۆ چۆنیەتى کارکردنى خەرجی و داهاتى زانکۆکان کرد، بۆ ئەوەش وتى: بەپشت بەستن بەبڕیار و یاسا کارپێکراوەکان دەبێ لە ئامادەکردنى هەر پڕۆژەو بیرۆکەیەکدا زۆر بەوردى مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ و ئینجا بەرز بکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران.
لە کۆتاییشدا بە گەڵاڵەکردنى چەند پێشنیازێک کۆتایی بەکۆبوونەوەکە هات.