Skip to the content

وەفدێکى وەزارەتى هونەر و کلتوورى تورکیا لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەمە ڕێکەوتى (2021/7/12) بە مەبەستى دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى، وەفدێکى وەزارەتى هونەرو کلتوورى وڵاتى تورکیا، لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە.
 
د . عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە کامیل کۆڵەباش ڕاوێژکارى وەزیرى هونەرو کلتوورى وڵاتى تورکیا و وەفدێکى زانکۆکانى تورکیا و دامەزراوە پەروەردەییەکانى ئەم وڵاتە.
لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم ئامادەیبوون، کامیل کۆڵەباش ڕاوێژکارى وەزیرى هونەرو کلتوورى تورکیا ئامانجى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕوو کە بریتییە لە دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى و پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستییەکان لەگەڵ زانکۆکانى تورکیا و ئاڵوگۆڕى مامۆستاو خوێندکاران و ئەنجامدانى توێژینەوەو لێکۆڵینەوەى هاوبەش لەنێوان هەردوولا.
لەلایەن خۆشیەوە د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى،  خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە سەردانى وەفدەکە بۆ هەرێمى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: لەگەڵ وڵاتى تورکیاى دراوسێ لە زۆر بوار و ڕەهەندەوە پەیوەندى جیا جیامان هەیە، لە بوارى ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمیش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى ئەم وڵاتە دێرینە و ئەنجامەکەشى بەڕوونى لەنێوان هەردوولا هەستى پێدەکرێت. 
 
ئومێدیشى خواست ئەم سەردانەى وەفدى وەزارەتى هونەرو کلتوورى تورکیا ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر پەرەپێدانى ئاستى پەیوەندییەکان بە تایبەت لە ڕووى کلتوورى و فەرهەنگى و فراوانکردنى ئاستى ئاڵوگۆڕەکان بۆ سێکتەرو بوارە جیاوازەکانى دیکەش.
 
 کۆبوونەوەکەش بە خستنەڕووى چەندین ڕاسپاردەو پێشنیاز بە پەرەپێدانى پەیوەندییەکان کۆتاییهات.