بۆ باشترکردنى خزمەتەکان و کەمکردنەوەى رۆتین، وەزارەتى خوێندنى باڵا پۆرتاڵى خزمەت کاراتر دەکات
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2021/6/14) لە میانى سەرپەرشتى کردنى کۆبونەوەیەکى تایبەت هات کەلەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری ڕێکخرابو لەگەڵ بەڕێوەبەرانی وەزارەت لەبارەى كارو چالاكيەكانی تايبەت بە (پرۆژەی خزمەت)، کە بەئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى و نوێنەرى ئەنجومەنى وەزیران بەڕێوەچو.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی بەردەوامی چاکسازی و خستنەڕوی داتا و زانیاری و شەفافیەت و حوکمڕانی دروست، پرۆگرامی خزمەتى ڕاگەیاندوە، کە پۆرتاڵی خزمەت بەشێکە لە پرۆگرامی خزمەت، بەمەبەستى پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە خەڵکى کوردستان و کەمکردنەوەى رۆتین لە دامودەزگاکاندا.
سەبارەت بە جێبەجێکردنى پۆرتاڵى خزمەت، د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا پاڵپشت و هاوکارى سەرەکى دەبێت بۆ سەرکەوتنى پرۆژەکەو مەبەستمانە رۆحى خاوەندارییەتى ئەم بەرنامەیە لە دامو دەزگا زانستیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بنیاد بنێین. لەو چوارچێوەیەشدا ستافى وەزارەتى ڕاسپارد کاراتر و فراوانتر لە ڕابردو کار بۆ سەرخستنى ئەم پرۆژە گرنگەى حکومەتى هەرێم بکەن و هەمو پاڵپشتیى و پشتگیریەکیشى بۆ سەرکەوتنى پرۆژەکە لە خوێندنى باڵا دەربڕى.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا دواى خستنەڕوى جۆرى خزمەتەکان و شێوازى کارکردنى پرۆگرامەکە، هەریەک لە بریکارى وەزارەت و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى، لە وتەى جیا جیادا ئاماژەیان بە گرنگى جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە لە سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان کردو دوپاتیان کردەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا دەبێ نمونە بێت بۆ سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانى تر و لێرەوە ئەم پرۆژەیە بەسەرکەوتوى جێبەجێ بکرێت.
لەلایەن خۆشیەوە نوێنەرى ئەنجومەنى وەزیران لە وتەیەکدا ئاماژەى بە قۆناغەکانى جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەرنج و تێبینیەکانیان بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنى پرۆژەکە خستەڕو.