بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا: دەبێ وەک پڕۆژەیەکى ستراتیژى نیشتیمانى مامەڵە لەگەڵ پێداگۆجى بکرێت
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەم ڕاگەیاندنەى پ. د. عەبدولفەتاح عەبدولرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٩/٦/٢٠٢١) لە میانەى وتارێکیدا هات، کە لە مەراسیمى کردنەوەى چوارەمین خولى پێداگۆجى لە زانکۆى سەڵاحەددین-هەولێر پێشکەشیکرد.
لەسەرەتاى وتارەکەیدا، پ. د. عەبدولفەتاح عەبدولرزاق بەناوى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى زانکۆى سەڵاحەددین و سێنتەرى پێداگۆجى زانکۆکەى کرد بۆ بەردەوامیدان لە کردنەوەى خولەکانى پێداگۆجى، ڕاشگەیاند: پێداگۆجى زانستێکى گرنگە بۆ فێربونى هونەرەکانى وانەوتنەوە و پێگەیاندنى کادیرى بەتوانا و لێهاتو بۆ داهاتوى کۆمەڵگە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لەلایەنە گرنگەکانى خولەکانى پێداگۆجى بۆ پێشخستنى بوارى زانست لە کوردستان کرد، هەروەک پاڵپشتى وەزارەتیشى بۆ بەردەوامیدان و پەرەپێدان بە خولەکانى پێداگۆجى کردەوە.
لە بەشى کۆتایى وتارەکەیدا، پ. د. عەبدولفەتاح عەبدولرزاق چەند پێشنیازێکى خستەڕوو بۆ زیاتر گرنگیدان بە خولەکانى پێداگۆجى و پێگەیاندنى مامۆستاى بەتوانا، بۆ ئەوەش وتى: پێشنیازیکرد پێداگۆجى وەکو پڕۆژەیەکى ستراتیژى نیشتیمانى مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت و بودجەى تایبەتى بۆ تەرخان بکرێت، هاوکات پێشنیازیکرد پێداگۆجى بکرێتە یەکێکە لە بابەتەکانى خوێندنى باڵا ماستەر و دکتۆرا و بخوێندرێت، هاوکات لەسەر ئاستى کۆلێژەکانى پەروەردە، بونیات، زمان و ئاداب بخوێندرێ، لە کۆتایدا پێشنیازى ئەوەشیکرد ڕێساى ڕەفتارى ئەکادیمى بکرێتە یەکێک لە پێداویستیەکانى تەواوکردنى خولى پێداگۆجى، هاوکات پێویستە هەمو زانکۆکان پەیمانامەى ئاکارى ئەکادیمى هەبێت.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى ئەوخولەدا، کە لە هۆڵى سێنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەددین بەئامادەبونى د. جەوهەر فەتاح سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوەو پەرەپێدان و بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى پێداگۆجى و ژمارەیەک بەرچاو لە مامۆستایان ئامادەیبون چەند وتارێکى دیکە پێشکەشکرا. لە وتارەکاندا جەخت لە گرنگى خولەکانى پێداگۆجى و چۆنیەتى پەرەپێدان بەتواناى مامۆستایانى زانکۆ کرایەوە.