Skip to the content

وڵاتى یۆنان زەمالەى خوێندن پێشکەشی هەرێمى کوردستان دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لە چوارچێوەى سەردانى فەرمى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وڵاتى یۆنان،  ئەو وڵاتە بڕیاریدا پشتگیرى هەرێمى کوردستان بکات بۆ (پەرەپێدانى سیستمى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى و ڤۆکەیشنەڵ  و گەشەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن و ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و قوتابیان و دابینکردنى زەماله‌ى خوێندن بۆ خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و هەروەها هاوکاریکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ئەنجامدانى ڕیفۆرم لە سیستمى وەرگرتنى زانکۆکان و ئاڵوگۆرى توێژینەوەى هاوبەش و چارەسەرکردنى گرفتو ئاڵنگاریەکانى بۆڵۆنیا پرۆسێس).

 رۆژى دووشەمە ڕێکەوتى (2021/6/28) وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە سەرۆکایەتى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەگەڵ (Dr.Apostolis Dimitropoulos) سکرتێری گشتی خوێندنی باڵا و سکرتێری گشتی سیستم و ژێرخانی دیجیتاڵی و ئەزموونەکان و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری نێودەوڵەتی و کاروباری ئەورووپا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا جەختى کردەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە گرنگیەوە لە پەیوەندى نێوان وڵاتى یۆنان و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت، بۆ ئەمەش وتى: هیوامان وایە لەمیانى ئەم سەردانەدا هەماهەنگى و هاوکارى لەگەڵ زانکۆکان و سیستمى خوێندنى ئەم وڵاتە ئەنجام بدەین، د. ئارام محمد قادر دووپاتیشیکردەوە ژمارەیەک پرۆژەو هەنگاوى زانستى گرنگ هەیە کە دەتوانین کارى جددى لەسەر بکەین وەک بنەمایەک بۆ پەرەپێدانى پەیوەندى زانستى ئەو وڵاتەو هەرێمى کوردستان.

لەو چوارچێوەیەشدا ، (گەشەپێدانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى ڤۆکەیشنەڵ بەهەماهەنگى لەگەڵ وڵاتى یۆنان، پرسى بە نێودەوڵەتى کردنى زانکۆکان و چارەسەرکردنى گرفت و ئاڵنگارییەکانى بۆلۆنیا پرۆسێس لە هەرێمى کوردستان، ڕیفۆرم لە سیستمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان و سوود وەرگرتن لە ئەزمونى ئەو وڵاتە، هەماهەنگى کردن لە بوارى ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و قوتابیان و پێدانى زەمالەو دەرفەتى خوێندن بە خوێندکارانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى لە زانکۆ بەناوبانگەکانى یۆنان درێژە بە خوێندن بدەن، هەروەها پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندنى فەلسەفەو (ئارکیۆلۆجی) و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان زانکۆکانى وڵاتى یۆنان و هەرێمى کوردستان)، ئەو بابەت و پرسە گرنگانە بون کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریان لە بارەوە دراو،  حکومەتى ئەو وڵاتە ئامادەیە بۆ هاوکارى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان و پشتگیرى خۆیان بۆ کۆى پرۆژەکان ڕاگەیاند، بۆ ئەمەش وا بڕیارە کۆى پرۆژە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا لەچوارچێوەى یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن ئیمزا بکرێت، وەک بناغەیەک بۆ دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى یۆنان.
ئێوارەى هه‌مان ڕۆژیش وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان  لەگەڵ (Professor Dr. Angelos Syrigos) جێگری وەزیر بۆ کاروباری خوێندنی باڵا (کەسی یەکەمی خوێندنی باڵا لە سەر ئاستی دەوڵەتی یۆنان) و سکرتێری گشتی کاروباری یۆنانیەکانی دیاسپۆرا و دبلۆماسیەتی گشتی و سکرتێری گشتی کاروباری ئاینی و کەنیسەکان کۆبوونەوە. 
لە کۆبوونەوەیەکدا جێگری وەزیر بۆ کاروباری خوێندنی باڵا پاڵپشتى و پشتیوانى خۆى بۆ ئەو پرۆژە هاوبەشانەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پەروەردەو کاروبارى ئاینى ئەم وڵاتە دووپاتکردەوە کە لەکۆبوونەوەى یەکەمدا بڕیاریان لە بارەوە درابوو، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند: کاردەکەین بۆ پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و ڤۆکەیشنەڵ لە هەرێمى کوردستان و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندنى هەرێم و ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و دەستەبەرکردنى زەمالەى خوێندن بۆ خوێندکارانى کوردستان و ڕیفۆرم لە سیستمى وەرگرتن لە زانکۆکان و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و چارەسەرکردنى گرفتەکانى بۆلۆنیا پرۆسێس.
له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (2021/6/29) وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ Professor Loucas Christophorou سەرۆکی ئەکادیمیای ئەسینا وProfessor Christos Zerefos سکرتێری گشتی ئەکادیمیای ئەسینا کۆبوونەوە  .
 لە کۆبوونەوەیەکدا بە وردى گفتوگۆ کرا سەبارەت بە ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و ئاڵوگۆڕى شارەزایى و مامۆستایان و توێژەران لەنێوان ئەکادیمیاى ئەسیناو زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
دواتر وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى زانکۆى ئەسیناى کردو لەسەرۆکایەتى زانکۆ لەگەڵ ڕاگری کۆلێجی فەلسەفە و (ئارکیۆلۆجی و مێژوو)  و مامۆستایانى بەشى فەلسەفەو ئارکیۆلۆجى و مێژوو کۆبوونەوە.

د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى له‌وته‌یه‌كدا باسى لە گرنگى و رۆڵى مێژوویى یۆنان کرد لە بوارى فەلسەفە و بەرهەمهێنانى مەعریفەو گەشەکردنی هزری مرۆڤایەتی، بۆ ئەمەش جەختى کردەوە یۆنان لانکەى سەرهەڵدانى بیرو بەهاکانى دیموکراسى و ئازادى و دەوڵەتدارى و دروستکردنى شارو شارستانیە.
 بۆیە لاى ئێمە گرنگە بە هەماهەنگى لەگەڵ زانکۆى ئەسینا ناوەرۆکى پرۆگرامەکان و سیستمى خوێندن و رێکخستنى یەکەکانى خوێندن و ئاکامەکانى پرۆسەى فێربونى بەشەکانى فەلسەفەو ئارکیۆلۆجى بەهاوکارى زانکۆى ئەسینا دابڕێژینەوە.
لە درێژەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەمێژووى خۆیدا کوردستان لە رابردوو قوربانى زۆرى داوەو ڕووبەڕووى جینۆسایدو وێرانکردنى لادێکان و تێکدانى دیمۆگرافیاو ئەنفال و کیمیابارانکردن بۆتەوە، هەروەها لەمێژووى زۆر نزیکیشدا هەرێمى کوردستان سنوورێکى بەرفراوانى لە هێڵى پێشەوەى جەنگى دژى تیرۆریزم هەبووە، بەهەزاران رۆڵەمان لە پێناوى مرۆڤایەتى بوونە قوربانى، چونکە هەرێمەکەمان لە برى مرۆڤایەتى لە سەنگەرى هەرە پێشەوەى جەنگى دژى داعش دەجەنگا، ئەوەش سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەیە کە ئێمە ئەو نەتەوەیەین هەمیشە لە هەمو بارودۆخە تایبەتەکان توانیومانە لەسەر پێى خۆمان بوەستین و بەهاکانى مرۆڤایەتى بپارێزین و لەو جەنگەدا بەهاوکارى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى سەربکەوین. 
لەبارەى پێکەوە ژیان لە هەرێمى کوردستان، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: لە سەرووى هەموو نەهامەتی و بارودۆخەکاندا بەهاکانى مرۆڤایەتیمان لەیاد بووەو هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە شوێنى پکەوە ژیانى ئاشتیانەى هەموو پێکهاتەکانە بەبێ جیاوازى ئاین و نەتەوەو مەزهەب، هەر بۆیەشە مەبەستمانە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتى یۆنان زیاتر پەرەپێبدەین و زیاتر بە ڕووى ئەورووپا بکرێینەوەو  ئاڵوگۆڕى مامۆستاو خوێندکاران و قوتابیان پەرە پێبدەین.
لە  بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا زانکۆى ئەسینا هاوکارو بەشداربێت لە دامەزراندنى کۆلێجى ئارکیۆلۆجی لەزانکۆى سەڵاحەدین و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندنى بەشەکانى فەلسەفە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا شاندێکی زانکۆی ئەسینا بێنە هەرێمی کوردستان. 
دواتر بۆ نیوه‌ڕۆكه‌ی  د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرى گشتى، لەگەڵ Konstantinos Vlasis جێگری وەزیری دەرەوەى یۆنان و  Dr. John Chrysoulakis سکرتێری گشتی کاروباری یۆنانیەکانی دیاسپۆراو دبلۆماسیەتی گشتی کۆبۆوە.
جێگرى وەزیرى دەرەوەى یۆنانپشتیوانى و پاڵپشتى وەزارەتى دەرەوەى یۆنانى نیشاندا بۆ هەموو ئەو پرۆژانەى کە لەنێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى یۆنان ئەنجام دەدرێت کە وابڕیارە لە یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن بچەسپێنرێت، بەتایبەت ئەو پرۆژانەى پەیوەستن بە ڕیفۆرمى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى و گۆڕانکارى سیستمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و خوێندکاران و توێژەران و چارەسەرکردنى گرفتەکانى تایبەت بە بۆلۆنیا پرۆسێس.
جێگرى وەزیرى دەرەوەى یۆنان وەک هەنگاوێک بۆ بنیادنانى پەیوەندى لە نێوان یۆنان و هەرێمى کوردستان پشتگیرى بۆ پرۆژە هاوبەشەکان دەربڕى و پێشنیازى ئەنجامدانى پرۆژەى هاوبەشى تایبەت بە دروستکردنى گرووپى نێوان گەنجانى هەردوولاى بەناوى گرووپى هەماهەنگى لەنێوان گەنجان و خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و یۆنان بەگرنگ زانى.
لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى،  پشتیوانى لە پرۆژەکەى جێگرى وەزیرى دەرەوە کرد بۆ دروستکردنى گرووپى گەنجان و خوێندکارانى نێوان هەردوولا.
 
پەرلەمانى یۆنان پشتیوانى لە پرۆژە هاوبەشەکانى وڵاتەکەى و هەرێمى کوردستان دەکات 
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا، ئێوارەى رۆژى سێشەمە ڕێکەوتى (2021/6/29) وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لە تەلارى پەرلەمانى یۆنان لەگەڵ Mr. Vassilios V. Digalakis سەرۆکی لێژنەی پەروەردەو کاروباری کلتووری لە پەرلەمانی یۆنان و Mrs. Christina Alexopoulou سکرتێری لێژنەی پەروەردەو کاروباری کلتووری لە پەرلەمانی یۆنان کۆبوونەوە.
 
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند ئامانجى سەردانەکەمان بۆ وڵاتى یۆنان و دامەزراوەکان، دروستکردنى پەیوەندى و هەماهەنگى و هاوکارییە لە نێوان زانکۆکانى کوردستان و زانکۆکانى یۆنان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پەروەردەو کاروبارى ئاینى وڵاتى یۆنان، بۆ ئەوەى پرۆژەى هاوبەشى زانستى گرنگ ئەنجام بدەین، چونکە پێمان وایە هەردوولا بەهای هاوبەش و ئاڵنگارى هاوبەشمان هەیەو پێکەوە دەتوانین کارى گەورە ئەنجام بدەین، گرنگە هەماهەنگییەکانمان بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و هەموو سێکتەرەکانی دیکە بگرێتەوە. 
د. ئارام محمد قادر  دووپاتیشیکردەوە ئێمە وڵاتى یۆنان وەکو هاوبەشێکى گرنگ سەیر دەکەین، یۆنان بۆ ئێمە یەکێک لە دەرگا سەرەکیه‌كانمان دەبێت بۆ کرانەوەى زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئاوێتە بوون لەگەڵ سیستمە پیشکەوتووەکانى بۆلۆنیاو سیستمە تایبەتەکانى پرۆسەى خوێندن لە ئەورووپا.
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆک و سکرتێرى لیژنەی پەروەردەو کاروباری کلتووری لە پەرلەمانی یۆنان پشتیوانى پەرلەمانى یۆنانى بۆ هەرێمى کوردستان و هەماهەنگى نێوان هەردوو وەزارەت دووپاتکردەوەو ڕایگەیاند پەرلەمانی یۆنان پشتیوانى لە یاداشتى لێکگەیشتنى نێوان هەردوولا و پرۆژە هاوبەشەکان دەکات کە وابڕیارە ئیمزا بکرێت. دووپاتیشیان کردەوە وەک هەمیشە پەرلەمانى یۆنان خۆى بە پشتیوانى دۆزى ڕەواى کورد زانیوەو بەردەوام دەبێت لە پشتیوانى کردنى هەرێمى کوردستان.