Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا: ئەرکی زانکۆ تایبەتەکان پێگەیاندن و پێشخستنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنە بە بنەماو توێژینەوەی زانستی

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  رۆژی  سێشەممە ڕێکەوتى (2021/6/29) بە ئامادەبوونى  د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سێیەمین کۆنفرانسى (ژمێریارى، کارگێڕى، ئابوورى و سیاسەت)  لە زانکۆى نێودەوڵەتى تیشک لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو .
 
له‌ کۆنفرانسەکەدا، د. خەتاب ئەحمەد شێخانى وتارى د.ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا  ڕایگەیاند: ئەرکى یەکەمی زانکۆ تایبەتەکان هاوشێوەى زانکۆ حکومیەکان بریتییە لە پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی کۆمەڵگە، لەهەمانکاتدا بە ئەنجامدانی توێژینەوەى زانستى دەبێ بەشداری کارا  لە چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی وڵات بکەن،  و ڕۆڵى بنەڕەتیان لە پێگەیاندن و پێشخستنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن هەبێ.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە ڕۆڵى گرنگى هاوبەشیکردنى کەرتى گشتى و تایبەتى کرد و وتى: هاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت  بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگە گرنگە، بەتایبەت لەم قۆناغەدا کە کەرتی گشتی لەژێر کاریگەری سەختی قەیرانی دارایی لەگەڵ کەرتى تایبەت دەتوانن کار و پرۆژەی گرنگ ئەنجام بدەن.
له‌  کۆتایى وتەکەیدا، د.خەتاب ئەحمەد شێخانى باسى لە گرنگی ناوەڕۆکی کۆنفرانسەکە کرد و وتى: لەئێستادا عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت بە قەیرانێکى سەختی دارایی و ئابووریەوە تێپەڕ دەبن، بۆیە ئەنجامدانی کۆنفرانسی لەمجۆرە دەکرێت ڕۆڵی گەورە بگێڕێت لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی گشتی حکومەت بەرەو چارەسەری گونجاو و پشت ئەستوور بە توێژینەوەی زانستی، ئەوەشى ڕاگەیاند: پێشنیاز و دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەمجۆرە کۆنفرانسانە  بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان بەهەند وەردەگیرێت.
جێی ئاماژه‌یه‌ سێیەمین کۆنفرانسى (ژمێریاری، کارگێڕی، ئابووری و سیاسەت)، بە هاوبەشی نێوان زانکۆکانى (سەڵاحددین-هەولێر، تیشک و، شتێتچین لە پۆڵەندا) ڕێکخراوە، کارەکانى کۆنفرانس لە زانکۆى نێودەوڵەتى تیشک بەڕێوەدەچێ و ماوەى دوو ڕۆژ بە هەردوو شێوازی نێوکامپەس و ئۆنلاین بەردەوام دەبێت،  و لە ڕێگەى چەند پانێڵێک چەندین توێژینەوەى زانستى دەخرێتەڕوو.