Skip to the content

وەزارەتی خوێندنی باڵا خوولێکی بۆ چۆنیەتى نووسینى نووسراوى فەرمى کردەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی 2021/6/24 وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی خوولێکی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەت کردەوە کە تایبەت بوو بەچۆنیەتی نووسینی نووسراوی فەرمیی، لەسەرەتادا،  د.عبدولفەتاح عەبدولرزاق  بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی  بەگرنگیەوە باسى لە چۆنیەتى نووسینى نووسراوى فەرمى دامەزراوەکان کرد، بۆ ئەوەش جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، چەندە گرنگە نووسراو لە کاتى خۆى تەواو بکرێت، بەهەمان شێوە گرنگە بایەخ بەناوەڕۆک و چۆنیەتى نووسینى نووسراوى فەرمى بدەین،  ئێمەش وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگە نووسراوەکانمان لە ئاست ناو و ناوبانگى دامەزراوەکەمان بێت.
پاشان کارنامەى خوولەکە دەستیپێکرد بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن (د. عبدولڕەحمان زرار)ەوە بەشێوەیەکى زانستى و ئەکادیمى باس لە چۆنیەتى نووسینى نووسراوى فەرمى و ناوەڕۆکى نووسراوەکان بۆ ئاستە جیاوازەکان کرا، ناوبراو لەمڕووەوە وتی : دەبێ لە ڕووى پڕۆتۆکۆڵ و ئەتەکێتى نووسین پێویستە فەرمانبەران جیاوازى بکەن لەو نووسراوانەى کە بۆ دامەزراوە جیاکانى (بەرزتر، هەمان ئاست، خوارتر) دەکرێن، لە کۆتایشدا هیواى خواست خولەکە ببێتە دەرفەتێک تا فەرمانبەران و بەڕێوەبەرەکان بایەخى زیاتر بەناوەڕۆکى نووسراوەکانیان بدەن.