وەزیرى خوێندنى باڵا: دەبێت لە پرۆگرامەکانى خوێندن بایەخى زیاتر بە کلتور و شوێنەوارناسی بدرێت
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (2021/6/13) لەمیانى بەسەرکردنەوەى هەریەک لەکۆلێژى زمان و پەروەردەى بنەڕەتى زانکۆى سەڵاحەدین هات، کە بەیاوەرى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان و ستافى زانکۆ و وەزارەت، هۆڵى تاقیکردنەوەکانى دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى و ماستەرى بەسەرکردەوە.
لەبەسەرکردنەوەى هۆڵى تاقیکردنەوەکاندا وێڕاى هیواى سەرکەوتن بۆ خوێندکاران و قوتابیانى بەشدار لە تاقیکردنەوەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: دواى چەندین ساڵ چاوەڕوانى خوازیاران و پێشکەشکاران بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، توانیان لە ناوخۆ دەست بکەنەوە بە پرۆسەى خوێندنى باڵا، ئەمڕۆش بەخۆشحاڵیەوە پرۆسەى تاقیکردنەوەکان لە زانکۆکانى کوردستان بەسەرکەوتوى بەڕێوەدەچێت.
لەمیانى کۆبونەوەیەکیشدا، د. ئارام محمد قادر ڕو لە ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستایان دوپاتیکردەوە: هەوڵ و ماندوبون و شەونخونیتان بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن لە بارودۆخى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا و کێشە داراییەکان، جێگەى ڕێز و پێزانینەو وەزارەتەکەمان بە گرنگییەوە لە ڕۆڵ و ماندوبونى ئێوە دەڕوانێت، کە هەرگیز نەتانویستوە پرۆسەى خوێندنى پەکى بکەوێت و بە جێبەجێکردنى ڕێنماییە تەندروستییەکان سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان تۆمارکرا.
سەبارەت بە گرنگى و بایەخى کلتور و بەستنەوەیان بە بابەت و پرۆگرامەکانى خوێندن، وەزیرى خوێندنى باڵا بە ستافى کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى ڕاگەیاند: پێویستە لەگەڵ بایەخ و گرنگى زمان و ئەدەبى کوردى، کلتور کە کۆی سیستەمەکانی کۆمەڵگایەو وەک چەمکێکی فراوان کە کەلەپوری کۆمەڵایەتی رابردو و ئێستای کۆمەڵگە دەگرێتەوە، پێویستە بایەخى زیاترى پێبدرێت و کلتورناسى لە پرۆگرامەکانى خوێندن ڕەنگبداتەوە، بەتایبەت بەستنەوەى بە بابەتەکانى زمان و سیاسەت و فەرهەنگى کوردەواریمان.
هەر لە میانى کۆبونەوە و بەسەرکردنەوەى کۆلێژەکانى زانکۆى سەڵاحەدین، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەنزیکەوە گوێى گرت لەپرۆژە و کارە زانستییەکانى زانکۆ و کێشەو گرفت و پێشنیازەکان بۆ زیاتر پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى.