وەزیرى خوێندنى باڵا: پێویستە وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى توێژینەوەى زانستى بێت
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2021/6/15) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە د. محمد شوکرى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان و وەفدى دەستەکە.
لە کۆبونەوەیەکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان ئامانجى سەردانەکەى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕونکردەوە و ڕایگەیاند: دەستەى وەبەرهێنان دەخوازێت لەسەر بنەماى دەرئەنجامى توێژینەوەى زانستى و پێویستى کۆمەڵگەکەمان کە لەلایەن توێژەرانى زانکۆکان ئەنجامدەدرێت مۆڵەتى کارکردن بدات بەپڕۆژەکانى وەبەرهێنان.
لە بەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان باسى لە گرنگى و بایەخى توێژینەوەى زانستى کرد و ڕایگەیاند: توێژینەوەى زانستى بنەماى پێشکەوتنى کۆمەڵگە و حکومەت و دامەزراوەکانە لەسەرجەم بوار و سێکتەرەکان، هەر بۆیە ئەو حکومەتانەى لەسەر بنەماى دەرئەنجامەکانى توێژینەوەى زانستى کار و پلانى داهاتویان دادەڕێژن کۆمەڵگەو حکومەتى پێشکەوتون و بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە دەتوانن ڕوبەڕوى ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
بۆ کار و پڕۆژەکانى وەبەرهێنەرانیش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ئەوەى دەستخۆشى ئەو هەنگاوەى لە وەفدى میوان کرد، ئامادەى هاوکارى و هەماهەنگى تەواوى وەزارەتەکەى و زانکۆکانى بۆ داواکارییەکەى دەستەى وەبەرهێنان دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند: لە زانکۆکانى کوردستان توێژەرى بەتوانامان هەیە، کە ساڵانە لە بوارە جیاوازەکان توێژینەوەى گرنگ ئەنجام دەدەن، بۆیە ئەم کۆبونەوەیە دەکەینە وێستگەیەکى گرنگ بۆ سود وەرگرتن لە توێژینەوەى توێژەرەکانمان و بەشداریکردن لە بونیادنانەوەى ژێرخان و سەرخانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش پێداویستیەکانى دەستەکەتان بەتایبەتى لە چوارچێوەى نەخشە ڕێى کارکردنمان دادەنێین.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا د. ئارام محەمەد قادر وتى: یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانمان بەستنەوەى توێژینەوەى زانکۆکان بەچارەسەرکردنی گرفت و پێویستیەکانى کۆمەڵگە تا ڕۆڵی گەورە ببینن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و گەشەکردنی ئابوری و کۆمەڵایەتی حکومەتەکەمان.