Skip to the content

پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت دوابەدوای ئامادەکردنی پەیڕەوی مۆڵەتی خوێندن لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (٥٣)ی ڕێکەوتی (١٠/٣/٢٠٢١)ی ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوەکە پەسەند کرا.
لەو بارەیەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەى گرنگى پەیڕەوەکە ڕایدەگەیەنێت، لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و ڕێکخستنى مۆڵەتى خوێندن بەپێى پێداویستییەکانى دامەزراوەکانى هەرێم، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هەماهەنگى وەزارەتى پلاندانان و دامەزراوەکانى دیکەى حکومەتى هەرێم ، کاردەکەن بۆ دیاریکردنى پلان و ئەو پسپۆریانەى بۆ گەشەپێدانى بازاڕى کارى کوردستان گرنگن. ئەم پلانەش پەیوەندیدار دەبێت بەو کارامەیی و پسپۆڕیانەی بۆ گەشەکردنی ئابووری و زانستی هەرێمی کوردستان پێویستن.
هاوکات لەپەیڕەوەكه‌دا مەرج و پێداویستییەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و چۆنیەتی ڕێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان پێشکەشکاران خراوەتە ڕوو لە پێناو زامنکردنی شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
هەروەها بە پێی ئەم پەیڕەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنها دەتوانن مۆڵەتی خوێندن وەربگرن درێژە بە خوێندن بدەن لەو زانکۆیانەی کە ئاستی زانستییان بەرزەو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە باوەڕپێکراون، ئەمەش زامنی پاراستنی کوالێتی ئەو بڕوانامانەیە کە لەدەرەوەی وڵات بەدەست دەهێنرێن. جیا لەوەش لەم پەیڕەوەدا ماوەی پێویست بۆ خوێندن و ماف و شایستە داراییەکان و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی فەرمانبەری مۆڵەتپێدراو بۆ خوێندن دیاریکراوە.
جێگەى ئاماژەیە لەدوای چەندین ساڵ لە نەبوونی پەیڕەوێکی یاسایی کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسان بۆ خوازیارانی خوێندن دەستەبەر بکات، ئەم ھەوڵە دەسکەوت و دەرفەتێکی گرنگ و پڕ بایەخە بە ئاراستەی شەفافییەت و عەدالەت و رێگەگرتن لە زۆری و بۆری بروانامەی ئاست نزم و بێ کوالێتی. لە  ئێستاشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەکاری دەکات بۆ داڕشتنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاساو ئەحکامەکانی ئەم پەیڕەوەدا مۆڵەتی خوێندن بۆ ناوەوەو دەرەوەی وڵات بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە.