یۆنان کورسی خوێندنی ماستەر لە بوای تەکنۆلۆجیای خۆراک بۆ خوێندکارانی کورد دەستەبەر دەکات
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - سکوڵی تەکنیکی کشتوکاڵی ئەمەریکی لە شاری سالۆنیکی یۆنان کورسی خوێندنی ماستەر لە بوای تەکنۆلۆجیای خۆراک بۆ خوێندکارانی کورد دەستەبەر دەکات.
لە چوارچێوەى سەردانى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بە سەرۆکایەتى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەگەڵ (Mr. Stavros KALAFATIS) جێگری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری ناوچەکانی مەسەدۆنیاو ثرەیس لەوڵاتى یۆنان کۆبوونەوە.
لە وتەیەکدا جێگرى وەزیرى ناوخۆ پشتیوانى خۆى نیشاندا بۆ هەموو ئەو هەونگاو و پرۆژە هاوبەش و لێکگەیشتنانەى کە لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پەروەردەو کاروبارى ئایینى یۆنان لە ماوەى چەند رۆژى ڕابردوودا گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
لە بەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، گوتی: لەچەند رۆژى ڕابردوودا گفتوگۆى گرنگ و ستراتیژیمان ئەنجام داوە و پرۆژەى هاوبەشى گرنگیش بڕیارى لەسەر دراوە، بۆیە هیوامان وایە ئەم پەیوەندیانە ببەینە قۆناغێکى دیکەى پێشکەوتوو بۆ ئەوەى بتوانین هەموو ئەو پڕۆژانەى کە بڕیاریان لەبارەوە دراوە جێبەجێیان بکەین و یۆنان بۆ ئێمە یەکێکە لە دەرگا گرنگەکانى کرانەوەو تێکەڵبوون لەگەڵ سیستمى خوێندنى پێشکەوتووى ئەورووپا و وڵاتانى دونیا.
لەلایەکى دیکەوە وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەوڵاتى یۆنان سەردانی سکوڵی تەکنیکی کشتوکاڵی ئەمەریکی لە شاری سالۆنیکایان کرد و لەگەڵ (Mr.Panos KANELLIS) سەرۆکی سکوڵ و ڕاگری سکۆڵی خوێندنی پرۆفێشناڵ و تەکنیکی و بەڕێوەبەری خوێندنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان کۆبوونەوە.
جێگەى ئاماژەیە سکوڵی تەکنیکی کشتوکاڵی ئەمەریکی، یەکێکە لە دامەزراوە گرنگەکانى پیشەیى کەسەرجەم ئاستەکانى خوێندنى تێدایە، کارەکانى ئەم سکوڵە تایبەتە بە کشتوکاڵ و تەکنەلۆجیاى زانستى خۆراک، خوێندکاران بەشێوەى پراکتیکى لەسەر پڕۆژەکانى بەروبوومی ڕووەک و ئاژەڵدارى وەبەرهێنان لە بوارى بەخێوکردنى پەلەوەر دەکەن و بابەتەکان بە شێوازی پراکتیکى ئەنجام دەدەن، هەر خۆشیان لە ڕووی ئابوورییەوە بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان دەدۆزنەوە. ئەم سکوڵە بەردەوام ڕاوێژی زانستی دەدەنە جوتیاران و کۆرسی ڕاههێنانی بەردەوامیش بۆ جوتیاران ڕێک دەخەن.
بۆ ئەمەش لە گفتوگۆیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە هەرێمى کوردستان کەرتى کشتوکاڵ گرنگى خۆى هەیە، یەکێک لە بەرنامەکانى حکومەتى هەرێم لە فرەجۆرکردنى سەرچاوەکانى ئابوورى بریتییە لە گرنگیدان و بووژانەوەى کەرتى کشتوکاڵ، بۆیە دەکرێت سوود لەم جۆرە سکوڵە وەربگیرێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا کردنەوەى کەمپەسێکى سکوڵى تەکنیکى کشتوکاڵى ئەمریکى لە هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بڕیاریش درا لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەشەوە تاوتوێى زیاترى ئەم پرۆژەیە بکرێت، بەو پێیەى ئەم جۆرە پرۆژەیە بۆ هەرێمى کوردستان دەبێتە پەرەپێدانى زیاترى کەرتى کشتوکاڵ و خوێندنى پیشەیى کشتوکاڵى و باشترکردنى زیاترى بەرهەمە کشتوکاڵیەکان. لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکى سکوڵى تەکنیکى کشتوکاڵى ئەمریکى پێشوازى لەم دەستپێشخەریە کردو ئامادەیى نیشاندا بۆ هاوکاریکردنى زانکۆکانى کوردستان و ڕایگەیاند : سکوڵەکەیان ئامادەیە کورسی خوێندنی ماستەر لەبواری تەکنۆلۆجیای خۆراک بۆ خوێندکارانی کورد دەستەبەر بکات، ئەم کۆرسانە جگە لە بابەتە سەرەکییەکانی تایبەت بە تەکنۆلۆجیای خۆراک، کۆمەڵێک بابەتی دیکەی تایببەت بە سەرکردایەتیکردنی دامەزراوەکانی خوێندن و بەڕێوەبردنی پرۆژەی کستوکاڵی لەخۆ دەگرێت.
دواتر، وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ Mr. Alexander Thanos جێگری پارێزگاری ناوەندی مەسەدۆنیا بۆ کاروباری گەشتوگوزارو Mr. Sotirios Batos جێگری پارێزگاری ناوەندی مەسەدۆنیا بۆ کاروباری ئابووری کشتوکاڵی کۆبوونەوە و بە گرنگیەوە باسیان لە سەردانەکەى وەفدى هەرێمى کوردستان کرد بۆ وڵاتى یۆنان و پارێزگاکەیان، بۆ ئەمەش بە بایەخەوە باسیان لەو پرۆژە گرنگ و هاوبەشانە کرد کە لە نێوان هەردوولا بڕیاریان لە بارەوە دراوە.