بۆ خزمەتى فەرمانبەران، جێبەجێکردنى پرۆژەى شارى خوێندنى باڵا تاوتوێدەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دوشەممە (2021/3/8) بەسەرپەرشتى د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبونەوەى لێژنەى تایبەتمەندى وەزارەت لەگەڵ کۆمپانیاى جێبەجێکارى پرۆژەى نیشتەجێبونى شارى خوێندنى باڵا، لە سێنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا کە ستافى وەزارەت ئامادەیبون، د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت لە ووتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگى جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە کرد بۆ خزمەتکردن بە فەرمانبەرانى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە شارى هەولێر، لەو چوارچێوەیەشدا گرنگى پرۆژەکەى بەم شێوە ستانداردو مۆدێرنەى کە دیزاینى بۆ کراوە خستەڕو، بەشێوەیەک ببێتە هۆکارێک بۆ دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبون بۆ فەرمانبەران.
لەلایەن خۆشیەوە د.داود سلێمان بەڕێوەبەرى گشتى ئەندازەو پرۆژەکان و سەرۆکى لێژنە، لە وتەیەکدا ئاماژەى بە سەرەتاکانى دەستپێکردنى پرۆژەکەو هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دابینکردنى یەکەى نیشتەجێ بون بۆ فەرمانبەران کردوو، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد لە ڕابردوو قەیرانەکانى دارایى و شەڕى ڕوبەڕوبونەوەى تیرۆرستانى داعش و پەتاى کۆرۆنا ڕێگر بوون لەبەردەم جێبەجێکردنى پرۆژەکە، بەو هیوایەین لە ئێستادا بەباشترین شێوە ئەم پرۆژەیە بخرێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن ئامادەبوانەوە دوو بابەتى سەرەکى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش لەلایەن کۆمپانیاى جێبەجێکار سمینارێک لەبارەى پرۆژەکەو پێکهاتەو ڕوبەرو ژمارەى خانو و شوقەکان و کوالێتى و دیزاینەکەى بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، دواتریش گفتوگۆ لەبارەى مەرجەکانى پێشکەشکردن و ڕێکارەکان کراو ئامادەبوان بەشێوەیەکى چڕ گفتوگۆیان لەبارەى کۆى پرۆژەکەو چۆنیەتى جێبەجێکردنەکەى کرد.
جێگەى ئاماژە بۆ کردنە پرۆژەى شارى خوێندنى باڵا کە لە ئێستادا دیزاینەکەى بەکۆتا هاتوە و دەکەوێتە سەر ڕێگاى سەرەکى هەولێر-کەرکوک، پێکهاتوە لە ٤٤٠ خانوو، ١٥ تاوەر کە هەر تاوەرێک لە ١٨ قات پێکهاتوەو ١٦٢٠ شوقە لە خۆدەگرێت، وا بڕیارە دواى دیراسەکردنى مەرج و وردەکارییەکان لەلایەن وەزارەتەوە پەسەند بکرێت بەمەبەستى جێبەجێکردنى.