ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا هاوكاری پێشكەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەمە ٢٠٢١/٣/٣٠ ڕۆبێرت بیرکینس بەڕێوەبەرى ئاژانسى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى نێودەوڵەتى بەوەکالەت و وەفدێكی هاوڕێی سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییان كرد و لەلایەن د.عبدالفتاح عبدالرزاق بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ستافى وەزارەت بەگەرمی پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارێكدا، كە ڕاوێژكارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەی پتەوكردنی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكانی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرا. پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەیی هاوبەشدا، وردەكاری هاوكارییەكان و ئاستی پەیوەندییەكان بە میدیاكاران و نێردراوانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن درا.
لەو بارەیەوە، د.عبدالفتاح عبدالرزاق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە ڕێگاى كونسوڵگەرى گشتى ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا ژمارەيەك كەرەستەو پێداويستى تەندروستى بۆ خۆپارێزى لە پەتاى كۆرۆنا پێشكەش بە وەزارەتەکەمان كراوە بۆ مەبەستى ھاوكارى و پشتيوانى زانكۆكانى كوردستان لە جێبەجێكردنى ڕێكارەكانى خۆپارێزى.
بۆ ئەمەش بەناوی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى ڕایگەیاند: بە چاوی ڕێزو بايەخی زۆرەوە لە پشتيوانی و ھاوكارييەكانتان دەڕوانين و جێگای ئەمەک و پێزانينمانە، بەم بۆنەيەوەش سوپاس و پێزانینى وەزارەتى لە ڕێگەى كونسوڵخانەى ئەمریکاوە ئاراستەى حكومەت و گەلى ئەمەريكا کرد.
د. عبدالفتاح عبدالرزاق وتیشى: گەلی ئێمە بەدرێژايی مێژوو ھاوکاری و پاڵپشتی دۆستەکانی خۆی لەبيرناکات، لەسەروى ھەموشيانەوە گەل و حکومەتی ويلايەتە يەکگرتوەکانی ئەمريکا، کە بەدڵنياييەوە لە زۆر وێستگەی گرنگ و ھەستياری مێژودا پاڵپشتی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بوە لەپێناو ئازادی و ديموکراسی و مافە ڕەواکانيدا. وتیشى لەبوارى زانستى و ئەكاديمى بەردەوام ھاريكاريتان كردوين، بە ڕێزو ئەمەکدارييەوە ئەم ھاوكاريانە بەرز دەنرخێنين و ھيوادارين رۆژێك بێت مرۆڤايەتی لە جيھانێکی بێ کۆرۆناو خاڵی لەتيرۆر و تۆقاندن و ستەمكارى، بتوانێت بگات بە ئامانج و بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتى.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕۆبێرت بیرکینس بەڕێوەبەرى ئاژانسى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى نێودەوڵەتى بەوەکالەت ڕایگەیاند: بەناوى حکومەتى ئەمریکا ئەم کەلوپەلە تەندروستیانەتان بۆ ڕوبەڕو بونەوەى کۆڕۆنا پێشکەش دەکەین، هیوادارین لەو رێگەیەوە مامۆستایان و خوێندکاران بپارێزین لەتوشبون بە کۆڕۆنا، تاوەکو بتوانن زیاتر تیشک بخەنە سەر پڕۆسەى خوێندن و توێژینەوەى زانستى لەزانکۆکانیان.
ڕۆبێرت بیرکینس وتیشى: حکومەتى ئەمریکا شانازى دەکات کە ڕۆڵى ڕابەرایەتى ڕوبەڕوبونەوەى کۆڕۆنا دەگێڕێت لە تەواوى جیهان بەتایبەت لە دامەزراوەى کۆڤاکس بۆ دابینکردنى ڤاکسین بۆ وڵاتان کە سەرۆکى ئەمریکا بڕى چوار ملیار دۆلارى بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان کردوەو عیراقیش ئەندامە لەو دامەزراویە، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: شانازى دەکەین کە بەردەوامین لەهاوکارى تەندروستی خەڵک و حکومەتى هەرێم لەم دۆخەى کە تێیدایە.
بەڕێوەبەرى ئاژانسى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى نێودەوڵەتى بەوەکالەت زیاتر وتیشى: ئەم کۆمەکانەى کە پێشکەشى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکانى هەرێممان کردوە لە رابردوشداو لە چوارچێوەى کۆمەکەکانى ئەمریکا بۆ هەرێمى کوردستان لەمانگى شوباتى ئەمساڵ هاوکارى تەندروستیمان پێشکەش بە وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم کردوە.
جێگاى ئاماژەیە پێداویستیە تەندروستیەکان بۆ خۆپارێزى لەپەتاى کۆڕۆنا بریتى بوون لە (ماسک، دەستکێش، جێڵى دەست، پاکژکەرەوە، پاککەرەوە، دیتۆڵ، ئۆکسى میتەر، فیس شیڵد، ڤیڕەڵ) و لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەشى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کراوە.