Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ لێژنەکانى چاکسازى لە زانکۆکانى کوردستان کۆبۆوە

 

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD )- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/1 بەسەرپەشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، کۆبونەوەى سەرجەم لێژنەکانى چاکسازى لە زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لەوتەیەکدا وێڕاى دەستخۆشى لە سەرجەم لێژنەکان بۆ ئەرک و کارەکانیان بەمەبەستى کارکردن بۆ جێبەجێکردنى بڕگەو ماددەکانى یاساکە، داوای لێکردن لەجێبەجێکردنی یاساو ڕێنماییەکاندا دادپەروەرانەو لەچوارچێوەی رێکار و ڕێنماییە یاساییەکاندا کارەکانیان ئەنجام بدەن و دوور لە ھەر جۆرە مەنسوبیەت و مەحسوبیەتێک.

ھەروەھا ڕایگەیاند: ئەم بەرپرسیارییەتیە بەرپرسیاریەتیەکی ئاینی و نیشتمانی و یاساییە، بۆیە پێویستە وورد و بەدیقەت بن لە جێبەجێکردنی پێوەر و ڕێنماییەکاندا چونکە ئەم بەرپرسیاریەتیەی ئێوە پەیوەستە بە چەسپاندنی دادپەروەری و قوت و ژیانی فەرمانبەران و مامۆستایان و ماڵ و منداڵەکانیان. بۆ ئەمەش پشتگیری و پشتیوانی خۆی بۆ لێژنەی چاکسازی وەزارەت دوپاتکردەوە بۆ سەرخستنی کارو ئەرکەکانیان.

لەلایەن خۆشیەوە د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى کردەوە لە جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى و کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە بریتیە لە بەرپاکردنى یەکسانى و بنبڕکردنى نادادى لە دامەزراوەکاندا.

دواتریش هەریەک لە سەرۆک و ئەندامانى لێژنەى چاکسازى لە زانکۆکانى کوردستان و دیوانى وەزارەت، راو و بۆچونى خۆیان لەبارەى ئالیەتەکانى جێبەجێکردنى بڕگەو مادەکانى یاساکەو ئەو تێبینى و سەرنجانەى لەکاتى ئەرکەکانیان هاتۆتە پێش خستەڕوو.