وەزیرى خوێندنى باڵا و سەرۆکى دەستەى دەستپاکى کۆبونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢١/٣/١٦ د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان و وەفدى یاوەرى.
لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا تەئکیدى کردەوە لەسەر هەنگاوەکانى پاراستنى کوالێتى خوێندن و ڕاهێنان لە زانکۆکانى کوردستان و هەنگاوەکانى وەزارەت بۆ دوبارە وێناکردنەوەى پرۆسەى پەرەپێدانى توانا مرۆییەکانی گەنجانی وڵاتەکەمان لە ڕێگەى پەرەپێدانی زیاتری کواڵیتی پرۆگرامى خوێندنى زانکۆکان بەجۆرێک کە ناوەرۆک و پێکهاتەی پرۆگرامەکانى خوێندن هاوتەریب بن لەگەڵ دەستەبەرکردنی پێداویستیەکانى بازاڕى کارو دروستکردنى ئەو کارامەییانەی کە تواناى پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار لە دەرچوانى کوردستان بەهێزتر دەکەن. هەروەها پرسى پاراستنى کوالێتى خوێندنی زانکۆ تایبەتەکان و چاودێرى کردنى پرۆسەى خوێندن تێیاندا گفتوگۆى وردی لەبارەوە کرا.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا د.ئارام محمد قادر باسى لە هەنگاوەکانى وەزارەت کرد لەبارەى پاراستنی نەزاهەى ئەکادیمى و بەهاکانى توێژینەوەى زانستى و بەشدارى رەسەن لە بەرهەمهێنانى مەعریفەدا، هەروەها جەختی کردەوە کە پاراستنی بەهاکانی ئەکادیمیاو بەهاو ئیتیکى کارى مامۆستاى زانکۆ یەکێکە لە پرۆگرامە بنەڕەتیەکانى وەزارەت و ئەم بەهاو پرەنسیپانەش دەبێت وەک ناسنامەی خوێندنی باڵای هەرێمەکەمان بپارێزین. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا دیدارێکى تایبەت بەهاوکارى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدرێت.
لە بەرامبەردا د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان لە وتەیەکدا تەئکیدى لە پاراستنى کوالێتى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان کردەوەو ڕایگەیاند: هەماهەنگ و پشتیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەبین بۆ پاراستنى بەهاکانى ئەکادیمى لە هەرێمى کوردستان.
لە کۆتایى دیدارەکەدا بڕیاردرا درێژە بە کۆبونەوە هاوبەشەکانی نێوان هەردولا بدرێت و لێژنەی تایبەت و گروپی کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە پێکبهێنرێت.