Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازیکرد لە وەزیرى گواستنەوەو گەیاندن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/8 د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە ئانۆ جەوهەر وەزیرى گواستنەوەو گەیاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکارى وەزارەت ئامادەیبوو، وەزیرى گواستنەوەو گەیاندن جەختى کردەوە لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ باشتر خزمەتکردن بە خەڵکى کوردستان و گەشەپێدانى ئاستى هەماهەنگییەکان.

وەزیرى گواستنەوەو گەیاندن سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ هەوڵەکان بەمەبەستى بەردەوامى پرۆسەى خوێندن و جێبەجێکردنى سیستمى خوێندن بەشێوەى ئاوێتە کە توانى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لەفەوتان و لەناوچون بپارێزێت، کە ئەمەش جێگەى دەستخۆشییە بۆ وەزارەتەکەتان، بۆ ئەمەش وتى: هەر کارێک لە چوارچێوەى وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندن بێت ئێمە هاوکاری وەزارەتەکەتان دەبین بەتایبەت لە دابینکردن و ئاسانکاریکردن بۆ زانکۆکانى کوردستان بەمەبەستى سود بینین لە هێڵەکانى ئینتەرنێت بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن.

لەلایەن خۆیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنان، جەختى لەسەر پەرەپێدانى هەماهەنگى وەزارەتەکان و ئاڵوگۆڕى بیرو ڕاى هاوبەش کردەوە، بۆ ئەمەش وتى: مەبەستمانە ئاستى هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم دامودەزگاکان فراوان بكەین. بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندنیش دوپاتیکردەوە: هەموو هەوڵ و ئەرکێکمان سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى داوەزراوەکانى خوێندنى باڵایە لە کوردستان.