Skip to the content

بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا: زانکۆى کاسۆلیکی لەهەولێر ڕەنگدانەوەى پێکەوەژیان و فرە ئایینى و نەتەوەییە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە رەوش و ئاستى خوێندن و ژێرخانى ئەندازەیی زانکۆى کاسۆلیکى لە هەولێر، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆکەى بەسەرکردەوە.

ئەمرۆ یەکشەمممە ٢٨/٣/٢٠٢١ پ.د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە یاوەرى وەفدێکى وەزارەت کە پێکهاتبو لە د.داود سلێمانى ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازەو پڕۆژەکان و م. سەرتیپ خالص بەرێوەبەرى خوێندنى باڵا، لە سەردانێکى مەیدانیدا زانکۆى کاسۆلیکی لە هەولێر بەسەرکردەوەو لەلایەن مەتران بەشار مەتى وەردە سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆ و د.ریاز فرانسیس سەرۆکى زانکۆ و بەرپرسانى زانکۆ پێشوازییان لێکرا.

لە میانى بەسەرکردنەوەکەدا، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: زانکۆى کاسۆلیکی لە هەولێر نمونەى ڕەنگدانەوەى پێکەوەژیان و فرە ئایینی و نەتەوەییە لە هەرێمى کوردستان کە ئەمەش یەکێکە لە شانازییەکانى کوردستان کە مێژویەکى دورو درێژى پێکەوە ژیان لە کۆنەوە تاکو ئێستا تێیدا بەردەوامە. هەروەها پشتگیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندن لەو زانکۆیە دوپاتکردەوە.

هەروەک ئاماژەشى بە گرنگى سەردانى پاپا فرانسیس پاپاى ڤاتیکان بۆ عێراق بەگشتى و هەرێمى کوردستان بە تایبەتى کردو ڕونیکردەوە سەرکەوتنى پێکەوە ژیان و فرە ئایینی و نەتەوەیی و رێزگرتن لە پێکهاتە نەتەوەییە جیاجیاکانى کوردستان بوەتە هۆى نیشاندانى ناوبانگى ئەرێنى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى لەم ڕوەوە.

لە بەرامبەردا مەتران بەشار مەتى وەردە سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆى کاسۆلیکی هەولێر سوپاسى پشتگیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد کە بەردەوام پاڵپشتى ئەو زانکۆییە بونە لە سەرەتاى کردنەوەى تاکو ئێستاو ئاماژەى دا کە زانکۆى کاسۆلیکی لە هەولێر بە یەکەم زانکۆى کاسۆلیکی لە جیهانى عەرەبی دادەنرێن ئەمەش شانازییە بۆ هەرێمى کوردستان کە زانکۆیەکى لەم شێوەیە لە ناوچەکە لەخۆ دەگرێت. هەروەها ئاماژەى بەو پرۆژە و پلانانە کرد کە لە بەرنامەیان دایە بۆ زیاتر بەرەوپێشچونى ئاستى زانستى لە زانکۆکەیان ئەنجامى بدەن، رونیشیکردەوە ئامانجى سەرەکى ئەم زانکۆیە بریتییە لە رەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى ئامادەیی لە گشت ئایین و نەتەوە جیاجیاکان بە بێ رەچاوکردنى بیر و باوەڕى ئایینی.

سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆى کاسۆلیکی هەولێر ئاماژەى دا کە زانکۆکەیان لە ڕووى کردارەکیەوە قازانج نەویستەو بۆ ئەم مەبەستەش ساڵانە زیاتر لە ڕێژەى (٧٠%)ى کۆى گشتى وەرگیراوان بەشێوەى سکۆلەرشیپى خۆرایی تەواو (Full Scholarship) بۆ هەر چوار ساڵى خوێندن لە بەشە جیاجیاکانى زانکۆکەیان وەردەگیرێن.

لە بە شێکى دیکەى سەردانەکەدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا بەشە جیاجیاکانى کەمپەسى زانکۆکەو نەخۆشخانەى مەریەمانەیان بەسەرکردەوە کە خاوەنداریەتیەکەى هەمان خاوەنداریەتى زانکۆى کاسۆلیکی لە هەولێرەو کە بڕیارە بۆ خزمەتى زانستى قوتابیان و خوێندکارانى زانکۆکە لە داهاتودا بخرێـتەگەر.

زانکۆى کاسۆلیکی لە هەولێر، لە ساڵى (٢٠١٥) بە بڕیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دامەزراوە و مۆڵەتى فەرمى وەرگرتوە، لە ئێستادا لە (8) بەشى زانستى جیاجیا پێک دێک کە بریتیە لە بەشەکانى (ئەندازیارى شارستانى، ئەندازیارى تەلارسازى، تەکنەلۆژیاى زانیارى و زانستى کۆمپیوتەر، زمانى ئینگلیزی، ژمێریارى، ئابوورى، لێکۆڵینەوەى ڕۆژهەڵاتى، پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان). هەروەها زمانى سەرەکی خوێندن لە سەرجەم بەشەکانى ئەم زانکۆیە بریتییە لە زمانى ئینگلیزی.