وەزارەتى خوێندنى باڵا: لەدەستدانى د. کەمال مەزهەر خەسارەتێکى یەکجار گەورەو زیانێکى لەقەرەبو کردنەوە نەهاتوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠٢١/٣/١٦ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرسەنامەیەک ئاراستەى بنەماڵەى خوالێخۆشبو (پرۆفیسۆر د. کەمال مەزهەر) مێژونوسى گەورەی کورد دەکات کە ئەمە دەقەکەیەتى:
بۆ بەڕێزان بنەماڵەى کۆچکردو پرۆفیسۆر د. کەمال مەزهەر ...
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی زاناو مێژونوسی گەورەی گەلەکەمان پرۆفیسۆر دکتور کەمال مەزھەر مان پێگەیشت، بەم بۆنە غەمناکەوە دڵگرانی و پەژارەی خۆمانتان پێ ڕادەگەیەنین و خۆمان بەھاوبەشی خەم و کەسەری ئەم کۆستەتان دەزانین.
ئەم زاتە پایە بەرزە وێڕای ئەوەی لە بنەماڵەیەکی ناودارو نیشتمان پەروەردا لەدایکبوە، بەشی ھەرە زۆری تەمەنی خۆی بۆ بەرگریکردن لە مێژوو و ساغکردنەوەی ناسنامەی گەل و نەتەوەکەی تەرخانکردبوو، لەو بوارەدا سەرباری پێشکەشکردنی دەیان کتێبی مێژویی پڕ بایەخ، سەدان لێکۆڵینەوەو وتاری دانسقەی زانستی و ئەکادیمیشی بەخشیوەتە کتێبخانەی گەل و نەتەوەکەی و سەدان دەستنوسی دانسقە و توژینەوەی رەسەن و دۆکیۆمێنتى گرنگی لەناو تەپوتۆزی رۆژگاردا زیندو کردۆتەوەو وەک چەکێکی کاریگەرو گرنگ بۆ بەرگریکردن لەدۆزی ڕەوای گەلەکەی خستویەتیە بەردەم حەقیقەتی ئاوێنەی مێژوو، بۆیە لەدەستدانى د. کەمال مەزهەر خەسارەتێکى یەکجار گەورەو زیانێکى لەقەرەبوو کردنەوە نەهاتوە.
لەم کۆستە گەورە نیشتمانییەدا جەخت دەکەینەوە لە پەیام و ئامانجە بەرزەکانی مامۆستای پایەبەرزمان و بەڵێنی بەرز ڕاگرتنی مەشخەڵ و پەیامە ئینسانی و زانستی و نیشتمانیەکانی دەدەین و لەخوای گەورە داوکارین گیانی پاکی مامۆستای کۆچکردومان لەبەھەشتی بەریندا بحەوێنێتەوەو سەبرو ئارامیش بە ماڵبات و کەسوکار و ھەمولایەکمان ببەخشێت.
انا للە وانا الیە راجعون
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى