وەزیرى خوێندنى باڵا جەژنى نەورۆز پیرۆز دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەى هاتنەوەى جەژنى نەتەوەیى نەورۆز و ساڵى نوێى کوردییەوە، پیرۆزبایى گەرم ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان و فەرمانبەرانی ئازیزی زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان و سەرجەم کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان و ھاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەم.
نەورۆز کە ھێمای ژیانەوەو خۆڕاگری و نەبەزینە، پێویستە هاندەرمان بێت بۆ ژیاندنەوەی ئیرادەی ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەى نێو ماڵى گەلەکەمان و سازدانێکى شێلگیرانەترو نەسرەوتنمان ھەتا سەرکەوتن و دەستەبەرکردنى سەرجەم ماف و داخوازییە ڕەواکانی گەلەکەمان لە عێراقى نوێدا...
با ئەم بۆنە مێژوییەی نەتەوەکەمان بکەینە مژدەی تەبایی و برایەتی و دەرفەتی بەھێزترکردنی ئەزمونەکەمان و ئارامی و ئاسودەیی دەرونی ھاوڵاتیانی بەڕێزی کوردستان بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانی زیاتری ھەرێمەکەمان لە پێناو دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی سەقامگیرترو گەشترو شایستە تر بۆ نەوەکانی ئێستاو ئایندەمان.
لەکۆتاییدا بە ھیوام رۆژانی نەورۆزتان بەوپەڕی دڵخۆشی و تەندروستییەوە لەگەڵ ئازیزانتان بەسەر ببەن و پشوەکانی نەورۆز و گەشتەکانتان لەئامێزی بەھاری جوانی کوردەواریدا، بەڕەچاوکردنی خۆپارێزی و ژینگەپارێزی بە تەندروستی و سەلامەتی بەسەر ببەن و پێکەوەش خۆمان ئامادە بکەین بۆ جەژنی سەرکەوتنی گەلەکەمان بەسەر پەتای نەگریسی کۆرۆناو تەواوى کێشەو گرفتەکاندا.
دوبارە نەورۆزتان پیرۆز و ھەموو ڕۆژێکتان نەورۆز جەژن و شادی بێت...
د. ئارام محمد قادر
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى