وەزیری خوێندنى باڵا 8ى مارس لە خانمانى وەزارەت پیرۆز دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دوشەممە 2021/3/8 لە رۆژی جیهانی ژناندا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە خانمانى وەزارەت كردو یادی 8ى مارسی لە خانمان بەگشتی و فەرمانبەرە خانمەکانى وەزارەت پیرۆز كرد.
لەوتەیەكیشیدا وەزیری خوێندنى باڵا رۆڵ و پێگەی خانمانى كوردستانى بەرزنرخاند بەتایبەت رۆڵ و ئەرکیان لە ڕاپەڕاندنى کاروبارى هاوڵاتیان و مامۆستاو خوێندکارو قوتابیاندا لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، هەروەک وتیشى ئامانجمانەو کاردەکەین لەپێناو پەرەپێدانی بەردەوامی توانا و کارامەییەکانی ژنان و رەخساندنی دەرفەتی یەکسانی خوێندن و فێربوون و داهێنان، هەروەها پاراستنی ناوەندە زانستى و ئەکادیمییەکان لەهەر جۆرە هزرو دیاردەیەک کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم ئازادى و دەرکەوتنى تواناکان و بەشدارى خانمان لە بوارەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.
لە بەرامبەردا خانمانى وەزارەتی خوێندنى باڵا وێڕای سوپاسی ئەو پێشوازیی و گرنگیدانە بەم یادە داوایان كرد پێگەی خانمان لە دامودەزگاكانی حكومەتدا و کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان زیاتر بایەخی پێبدرێت.