Skip to the content

پەیامى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەبۆنەى 8ی مارس ڕۆژى جیهانى ژنان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عيراق (GOV.KRD)- بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایى، بەبۆنەى 8ی مارس رۆژى جیهانى ژنان، ئاراستەى خانمانى کوردستان بەتایبەتى و جیهان بەگشتى دەکەین.

8ی مارس، ڕۆژێکى شکۆدارە لە مێژوى مرۆڤایەتی و گرنگە هەموومان وەک هاندەری نوێخوازی هزری و فاکتەری جۆشدان و ژیانەوەی خەبات و تیکۆشانی مەدەنی لەپێناو هێنانەکایەى یەکسانى و دادپەروەرى مامەڵەی لەگەڵ بکەین.

بوارى ئەکادیمى و خوێندنى باڵاش یەکێکە لە کۆڵەگە گرنگەکانى گەشەکردنى کۆمەڵگەو بەدەر نیە لە پێویستى دووبارە وێناکردنەوەو سەرلەنوێ بنیادنانەوە بە ئاراستەى دەستەبەرکردنى دەرفەتى زیاتر بۆ گەشەپێدان و دەرکەوتنى توانا ناوازەکانى کچان و ژنانى وڵاتەکەمان.

دیدگاى وەزارەتەکەمان لەم بارەیەوە روونە، ئامانجمانەو کاردەکەین لەپێناو پەرەپێدانی بەردەوامی توانا و کارامەییەکانی ژنان و رەخساندنی دەرفەتی یەکسانی خوێندن و فێربوون و داهێنان، هەروەها پاراستنی ناوەندە زانستى و ئەکادیمییەکان لەهەر جۆرە هزرو دیاردەیەک کە دەبنە رێگر لەبەردەم ئازادى و دەرکەوتنى تواناکان و بەشدارى خانمان لە بوارەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

ئێمە باوەڕى تەواومان بە تواناى داهێنان و بەشدارى رەسەنى خانمانى کوردستان هەیە، هەم لە گەشەکردنى کەرتى خوێندنى باڵا، هەمیش لەبوارى بەشداریکردنیان لە پرۆسەى بەرهەمهێنانى مەعریفەدا. هەروەها باوەڕمان وایە کە دەبێت خانمانى کوردستان رۆڵى زیاتریان هەبێت لە سەرکردایەتى کردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و ڕێبەرایەتى کردنى هەنگاوەکانى ڕیفۆرمى قوڵ و ڕاستەقینە لەم کەرتە، هەر بۆیە پلانمان هەیە بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ خانمانى نێو کایەى ئەکادیمى کە لەم بوارەدا رۆڵى زیاتر و کاراتر بگێڕن.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە بڕیارى فەرمى لەسەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، سێنتەرى یەکسانى جێندەریى دامەزراندوەو ئەرکداریکردون بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەو کارى زانستى و ئامارگیرى تایبەت بە خانمان و بارودۆخیان و دۆزینەوەى باشترین و گونجاوترین میکانیزم و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانیان.

ئێمە دەشزانین کە هێنانەکایەى گۆڕانکارى کارێکى ئاسان نییە، بەڵام باوەڕى نەگۆڕمان بە بنەماو بەهاکانى یەکسانى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى هاندەرمان دەبێت بۆ ئەوەى پێکەوە کاربکەین بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان، لە پێناو هێنانەدى کۆمەڵگەیەکى ئارام و یەکسان و سەقامگیر لە هەرێمى کوردستان کە تیایدا خانمان ڕۆڵی کارا و شایستەی تێدا بگێڕن.

جارێکى تر 8ی مارس ڕۆژى جیهانى ژنان، لە سەرجەم خانمانى کوردستان پیرۆزبێت.

د. ئارام محمد قادر

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

8ی مارس/2021