Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: بە خوێندنى ئاوێتە پڕۆسەى خوێندن بەرەو دواقۆناغ دەبەین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٣٠/٥/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان، کۆبونەوەى ژمارە (٤)ى ئەنجوومەنى وەزارەت لە زانکۆى سلێمانى بەڕێوە چوو.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانى کرد کە سەرەڕاى قەیران و ئالنگارییەکانى بەردەم پرۆسەى خوێندن، توانیان بە سیستەمى خوێندنى ئاوێتە (blended learning) درێژە بە پڕۆسەى خوێندن بدەن و بەسەر ئاستەنگ و تەگەرەکاندا زاڵ ببن و پڕۆسەى خوێندن بەرەو دواقۆناغەکانى بەڕێ بکەن.
هەر لە وتەکەیدا لە ئەنجوومەنى وەزارەت، د. ئارام محەمەد قادر ڕایگەیاند "پلان و کارنامەى کارکردنمان ئەوەیە باشتر خۆمان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەین"، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە پلانى وەزارەت و سەرجەم زانکۆکان کرد بە ئامانجى خۆئامادەکردن بۆ ساڵى داهاتوو بە مەبەستى پێشوازیکردن لە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆکانى ڕاسپارد پلان و بەرنامەى زانکۆکانیان ئامادە بکەن و بەرزى بکەنەوە بۆ وەزارەت ب ەمەبەستى پەسەندکردن. پێداگریشى لەوە کردەوە "پێویستە لە ڕێگەى گۆڕینى سیستەمى ناوەندى وەرگرتن هەنگاوەکانمان بە ئاراستەى بەدیهێنانى ئامانجەکانى خوێندن لەسەدەى بیست و یەکدا پەرە پێ بدەن".
لەبەشێکى دیکەى وتەکەی، وەزیرى خوێندنى باڵا باسى جێبەجێکردنى کوالێتى و پێوەر و میکانیزمەکانى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان گەشەپێدان و بەرزکردنەوەى کوالێتى زانکۆکانە، بە شێوازێک بتوانین وەڵامدەرەوەى لایەنى کەمى خواست و پێداویستییەکانى بازاڕى کارى کوردستان بێت. هەر بۆ ئەم مەبەستەو بە ئامانجى جێبەجێکردنى بڕیار و ڕێنماییەکانمان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە دواداچوون و چاودێرى بەردەواممان هەیە، بۆ ئەوەى ئامانجەکانى وەزارەتەکەمان لە بوارەکانى متمانە بەخشین و گەشەپێدانى کوالێتى بێتەدى و زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان نەبنە شوێنى فرۆشتنى بڕوانامەى بێ ناوەرۆک".
لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێکردنى بارودۆخى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان و چەند پرسێکى پەیوەست بە کاروبارەکانى زانستى و خوێندنى باڵا و خوێندکاران و کارگێڕى و دارایى تاوتوێ کران. بۆ ئەمەش د. ئارام جەختی کردەوە لە چوارچێوەى پلانى ستراتیژى کارى وەزارەتەکەماندا پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى ڤۆکەیشنەڵ لە چوارچێوەى کارنامەو پلانى ستراتیژى وەزارەتەکەماندایە، هەروەها زانکۆکانیشى ڕاسپارد پرۆسەى خوێندنى وانەکان و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى زانکۆ لە ژێر ڕێنمایی وردى تەندروستى بەڕێوە بچێت، هەروەک هیواى سەلامەتى و تەندروستیشى بۆ سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان خواست.
سەبارەت بە پرس و بابەتە داراییەکانى پەیوەست بە زانکۆکانیش، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە لەسەر چارەسەرکردنى گرفت و کێشە دارییەکانى زانکۆکان و مامۆستایان و وانەبێژان و بۆ ئەم مەبەستەش ڕوونی کردەوە "لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران و لایەنە پەیوەندارەکان بە گەرموگوڕى لەسەر هێڵین و بەدڵنیاییەوە کێشەکان چارەسەر دەکەین" و لەو چوارچێوەیەشدا پێشنیاز و بۆچونى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت بەهەند وەرگیران.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاری دا ناونیشانى ماستەرنامەى خوێندکاران و قوتابییانى خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ببەسترێتەوە بە پێویستى دامەزراوەکانى کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت و بازاڕى کارى کوردستان و ڕەنگدانەوەى کێشەو گیر و گرفتەکانى سەردەم و زیاتر خزمەتکردن بە ڕەوتى زانست لە کوردستان بێت بە ئامانجى بەستنەوەى زانکۆ و کۆمەڵگە بە یەکتر لە ڕێگەى توێژینەوەى زانستى، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا سەرۆک زانکۆکانى ڕاسپارد لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانى ناوچەکانیان گفتوگۆى ورد ئەنجام بدەن بۆ دەستنیشانکردنى بابەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و دەستینشانکردنیان بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى.