سەرۆک زانکۆکانى بەغداد و موستەنسەریە سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵایان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژى سێشەمە ڕێکەوتى ١٨/٥/٢٠٢١، د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە هەر یەک لە د. مونير حەميد ئەلسەعدی سەرۆکى زانکۆى بەغداد و د. حەميد فازل حەسەن ئەلتەميمی سەرۆکى زانکۆى موستەنسەرییە کرد.
لە دیدارەکەدا کە هەریەک لە سەرۆکی زانکۆکانی سەڵاحەدین و پۆلیتەکنیکى هەولێر و هەولێرى پزیشکى و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێم و ناوەندو گرنگیدانى زیاتر بە بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان لە ڕووى کوالێتى و توێژینەوەى زانستى و ئاڵوگۆڕى زانستى کرا.
بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم، ئاماژەى بە بایەخ و گرنگى ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى بۆ سەرجەم سێکتەرو بوارەکان کرد، بۆ ئەمەش داواى کرد پێویستە ساڵانە لە بودجەى گشتى عێراق بودجەیەکى تایبەت بۆ پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى بۆ سەرجەم زانکۆکانى عێراق و هەرێمى کوردستان تەرخان بکرێت.
لەبەرامبەردا هەریەک لە سەرۆک زانکۆکانى بەغداد و موستەنسەرییە دواى گەیاندنى سڵاوى وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراق، کورتەیەکیان لەبارەى پێکهاتەى زانکۆکان و بەرنامەو پلانیان بۆ پێشخستنى ئاستى زانستی خستەڕو، دواتریش ئاماژەیان بە ئاستى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان و زانکۆکانى هەرێم کرد بەو پێیەى لێکگەیشتن و پەیوەندى باشیان لەگەڵ یەکتر هەیە، دوپاتیشیان کردەوە مەبەستیانە ئاستى هەماهەنگى زانستى و ئەکادیمییان لەگەڵ زانکۆکانى هەرێم فراوانتر بکەن