Skip to the content

وەزارەتى تەندرووستى و خوێندنى باڵا بۆ خزمەتگوزاریی تەندروستی و ڕاهێنانی پزیشکان بڕیاری کۆنفڕانس و دیداری هاوبەشیان دا

بە مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی پرسە هاوبەشەکان و پەرەپێدانى زیاتری خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکى و پێشخستنى خزمەتگوزاری تەندروستى لە هەرێمى کوردستان، لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى تەندروستى هەماهەنگى زیاتر دەکرێت.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ ڕۆژی سێشەمە ڕێکەوتى ٤/٥/٢٠٢١، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى کۆ بوونەوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا باسى لەوە کرد کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەروەک لەکارنامەکەیدا ئاماژەى پێ کراوە پشتیوانى تەواو لە سێکتەرى خوێندنى باڵا دەکات، بۆیە ئەرکى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵایە کار لەسەر پەرەپێدانى زیاترى کوالێتى خویندن و ڕاهێنان بکەن و لە بەرامبەریشدا زانکۆ و کۆلێژە پزیشکییەکان ئەرکێکى گرنگیان لە ئەستۆیە کە بریتییە لە ڕاهێنان و ئامادەکردنى پزیشکانى پسپۆڕ.

وەزیرى تەندروستیش پێداگرى لەوە کردەوە کە هەماهەنگى و هاوکارى زیاتری نێوان وەزارەتى تەندروستى و وەزارەتى خوێندنى باڵا گرنگ و زەروورییە، چونکە توانا مرۆییەکان و ژێرخانی تایبەت بە خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکی لە نێوان هەردوو وەزارەت هاوبەشن و هەم مامۆستایانی کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بەشداریی کاریگەرن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و هەم نەخۆشخانەکانی کەرتی تەندروستیش لە خزمەتی پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشکیدان.

هەردولا بڕیاریاندا کۆنفڕانس و دیداری هاوبەش ئەنجام بدەن بۆ پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزاریی تەندروستی و پێگەیاندن و ڕاهێنانی پزیشککارانی هەرێمى کوردستان.