Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا بۆ یەکێتى مامۆستایان: هیوادارم پێکەوە بتوانین ڕیفۆرمی ڕیشەیی و خزمەتی زیاتری مامۆستایان بکەین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمەش دەقى پیرۆزباییەکەى وەزیرى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە یەکێتى مامۆستایانى کوردستان:
بە بۆنەی تێپەڕبوونی (٥٩) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پیرۆزبایی خۆم و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت و ستافی وەزارەتەکەمانتان پێڕادەگەیەنم و هەر لەم بۆنەیەشدا بە پێویستی دەزانم سڵاو و ڕێز و پێزانین ئاراستەی هەموو مامۆستایانی ئازیزی کوردستان بکەم و دەستی ماندوونەبوویان بگوشم.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان خاوەنی زیاتر لە نیو سەدە خەبات و قوربانیدانی بێوچانە و لە ڕۆژانی سەختی خەباتدا مامۆستایان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بوون، لە ناو پۆلەکانی خوێندندا سەرچاوەی ڕەسەنی پەرەپێدانی بیری کوردایەتی و پێشکەوتنخوازیی بوون، لە دوای ڕاپەڕینیش مامۆستایان بوونە داینەمۆی خەباتی پیشەیی و مەدەنی و دیموکراسی و ڕۆڵی گەورەیان بینی لە پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان.
مامۆستایان کەسانی سەرکەوتوی کۆمەڵگەن، لەژیاندا ماندو بوون و خاوەنی ئەزموون و بڕوانامەی زانستین، هەر بۆیە مافی خۆیانە ژیان و گوزەران و شایستە داراییەکانیان دابینکراو و پارێزراو بێت. لەمێژوودا هەموو پرۆسەیەکی ڕیفۆرمی پەروەردەیی بە بەهێزکردنی پێگەی زانستی و ئابووری مامۆستایان دەست پێ دەکات، هەر بۆیە من بەش بە حاڵی خۆم پشتیوانی تەواو لە ڕیفۆرمی ڕیشەیی بۆ بەهێزکردنی ماف و پێگەی ئابووری مامۆستایانی ئازیزی کوردستان دەکەم.
هەروەها جێی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی هیمەت و خۆڕاگری و ویژدانی زیندووی مامۆستایان بکەین کە لە دوو ساڵی ڕابردوو سەرەڕای قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی پەتای جیهانی (کۆڤید-١٩) مامۆستایانی کوردستان بوونە کۆڵەکەی سەرەکی پاراستنی پرۆسەی خوێندن، بە تایبەت لە کەرتی خوێندنی باڵا لە ڕێگای جێبەجێکردنی سیستمی خوێندنی ئاوێتە بە هیمەتی مامۆستایانی ئازیز توانرا پرۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠/٢٠٢١ بە سەقامگیری بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خەباتی نەپساوەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەخوازم، هیوامان وایە پێکەوە کار بکەین بۆ جێبەجێکردنی ڕیفۆرمی ڕیشەیی و خزمەتکردنی زیاتری مامۆستایانی ئازیزی وڵاتەکەمان.