وەزیرى خوێندنى باڵا: لە زانکۆکانی کوردستان سێنتەر و گرووپى توێژینەوەییمان لەبارەى جێندەرناسی دامەزراندوە
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى پرسی بەشداریى ژنانى لە کایەکانى بەڕێوەبردن کرد و بە یەکێک لە پرسە گرنگ و هەستیارەکانی کۆمەڵگەى زانى و گوتى "هەرچەندە کۆمەڵگەی ئێمە بەدەر نییە لە تێڕوانینى هەڵەو لێکدانەوەى نازانستى بۆ کەمکردنەوەى توانا و لێهاتوییەکانى خانمان، بەڵام دەبێت لە ڕووی ئابوری و پەروەردەیی و کلتورییەوە زەمینەی بەشداری ڕاستەقینەی خانمان بڕەخسێنین".
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ ئەو لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕۆژى سێشەمە ڕێکەوتى ٤/٥/٢٠٢١ى زایینى لە میانى پێشوازیکردنى د.خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بوو.
ئەمیندارى گشتى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان وێڕاى نیشاندانى سوپاسگوزارى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبەرامبەر هەوڵ و کارەکانى لە بوارى یەکسانى جێندەرى لە ناوەندەکانى خوێندن، پلان و بەرنامەى ئەنجومەنەکەى بۆ ئامادەبووان شی کردەوە و ڕایگەیاند: ئامانجى ئەنجومەنى باڵاى کاروبارى خانمان دانانى ستراتیژ و دەستنیشانکردنى پرسەکانى پەیوەستە بە ژنان و ئافرەتانە لە هەرێمەکەمان و هەماهەنگى کردن لەگەڵ دەزگاو دامەزراوەکانى دیکە بۆ کارکردن لە بوارى یەکسانى جێندەرى.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیش باسى لەوە کرد کە دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی خاڵ بە خاڵی ڕوئیاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە چوارچێوەی ( ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام) بۆ خانمانی هەرێمى کوردستان بکرێتە واقیع و ئەو ئاستەنگانە چارەسەر بکرێن کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم بەشداریی خانمان لە بوارە جیاجیاکانی گەشەپێدان.
وەزیرى خوێندنى باڵا باسى هەوڵەکانى وەزارەتەکەى کرد بۆ یەکسانى جێندەرى و گوتى "وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەنگاوەکانی یەکەمدا لە سەر ئاستی وەزارەت لێژنەی تایبەتمان بۆ پرسی یەکسانی جێندەر پێک هێناوە، هەروەها لە هەموو زانکۆکانی کوردستان سێنتەری جێندەرناسیمان دامەزراندوە، لە بەشێکی زۆری زانکۆکانمان گروپی توێژینەوەی چالاک لە بواری جێندەردا کار دەکەن، ئێمەش هەوڵ دەدەین پشتیوانی زیاتری توێژەرانی ئەم بوارە بکەین. ئەمەشمان لە پێناو ئەوە کردووە کە بەهاو فۆرم و بنەماکانی یەکسانی جێندەر بەوردی لە تەواوی سیستمی پەروەردەی و پێداگۆجی هەرێمەکەماندا ڕەنگ بداتەوە و ئەگەر ئێمە سیستمێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیرمان بوێت، دەبێت کار بۆ بەشداری ڕاستەقینە و هاوسەنگی کچان و ژنانی وڵاتەکەمان بکەین لە هەموو کایەکانی ژیان".