Skip to the content

کونسوڵى گشتیى یۆنان: خوازیارى پەیوەندییەکى بەهێزى زانستى و ئەکادیمین لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم

هەولێر – هەرێمى کوردستان – عێراق (GOV.KRD)- دواى نیوەڕۆى دووشەممە ڕێکەوتى ٢٤/٥/٢٠٢١، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیی لە د. ستاڤرۆس کێریمیس ـى کونسوڵى گشتیى یۆنان لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازی لە پێشنیازى کونسوڵ بۆ دروستکردنى هەماهەنگى و پەیوەندى لەبوارى خوێندن و فێربوون لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى یۆنان بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان کرد. د. ئارام هیواى ئەوەى خواست کە هاوشێوەى زۆرێک لە وڵاتى دیکە بتوانن سوود لە سیستەم و پرۆسەى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتەو گۆڕانکارییەکان لە بوارى پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و کوالێتى خوێندن بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان ببینرێت.
کونسوڵى گشتیى یۆنان لە هەرێمى کوردستان، باسێکى لەبارەى کار و ئەرکەکانى کونسوڵخانەکەیان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش کرد و دووپاتی کردەوە "مەبەستمانە بناغەى پەیوەندییەکى بەهێزى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم دابڕێژین، لەبوارى خوێندن و فێربوون هاوکار و هەماهەنگى دامەزراوەکانتان بین و ئامادەین لە ئایندەدا لە ڕێگەى دامەزراوە زانستییەکانمان بە گۆڕینەوەى زیاترى بیروڕاکان ئاستى پەیوەندییەکان بەرەو پێش ببەین".
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا پێشنیازى پێدانى سکۆلەرشیپى خوێندن بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وڵاتى یۆنان گفتوگۆى چڕى لەبارەوە کرا بەتایبەت بۆ ئەو پسپۆڕى و بوارانەى پێویستى هەرێمى کوردستانە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا بە درێژەدان بە گفتوگۆى زانستى لەنێوان هەردولا تا گەیشتن بە ڕێککەوتن.